پارێزگاری هەولێر، دەنگۆی بەڕێوەچوونی پرسەی بەرپرسێکی ڕژێمی پێشوو "بێبنەمایە" و سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە باس لە بەڕێوەچوونی پرسەی بەرپرسێکی رژێمی پێشوو لە شاری هەولێر دەکەن.
رۆژی هەینی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە روونکردنەوەیەکدا ئەو هەواڵانە رەەتدەکاتەوە کە لە چەند کەناڵ و پەیجێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، کە گوایە بەرپرسێکی رژێمی پێشوو لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردووە و سێ رۆژ پرسەی بۆ دادەنرێت.
لە روونکردنەوەکەی پارێزگاردا هاتووە " بە هەموو شێوەیەک ئەم هەواڵەی بە "بێبنەما" وەسف کرد و دووپاتی کردەوە، کە ئەم دەنگۆیانە دوورن لە راستی و هیچ بنەمایەکیان نییە، پرسەی ئەو بەرپرسەش لە هەولێر بەڕێوە نەچووە و بەڕێوەش ناچێت.
دەقی روونکردنەوەکەی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر:
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لە چەند کەناڵ و پەیجێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، کە گوایە بەرپرسێکی ڕژیمی پێشوو لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردووە و سێ ڕۆژیش پرسەی بۆ دادەنرێت، بە هەموو شێوەیەک ئەم هەواڵە بێبنەمایە ڕەت دەکەینەوە و دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستی و هیچ بنەمایەکیان نییە، پرسەی ئەو بەرپرسەش لە هەولێر بەڕێوە نەچووە و بەڕێوەش ناچێت.
بۆ ڕای گشتی ڕوونی دەکەینەوە، بەداخەوە وەک پیشەی هەمیشەییان چەند کەناڵێکی دوور لە مۆڕاڵ هەولێریان بە ئامانج گرتووە، بۆیەش لە سەر ئەو هەواڵە ناڕاستە بینیمان چەند کەسێکی بەرپرسی نائاگا قسە و لێدوانیان لەسەر ئەو بابەتە داوە.
لێرەوە ڕایدەگەیەنین، بە مافی خۆمانی دەزانین هەر کەسێک لە هەر پلە و پۆستێک بێت، لەگەڵ تەواوی کەناڵەکان کە ئەم جۆرە هەواڵە ناڕاستانەیان بڵاوکردبێتەوە، ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و ڕێکاری توندی یاسایییان بکەینەوە.
ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر