حاڵەتێکی ناجێگیری کەشوهەوا بۆ سەر هەرێم دەستپێدەکاتەوە

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینیەکان بۆ ئەمڕۆ و سبەی یەکشەمە ئاشکرا دەکات و جەخت لەوەدەکاتەوە کە ئەمڕۆ کەش سەقامگیر دەبێت، بەڵام لە سبەینێەوە جارێکی دیکە حاڵەتێکی ناجێگیری کەش و هەوا لەدەریای ناوەراستەوە بۆ سەر ناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە.

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند"  سەرەتا ئەمڕۆ بەشێوەیەکی گشتی کەش و هەوای هەرێمی کوردستان سەقامگیر ئەبێت و ئەگەری بارانێکی کەم تەنها لەسەر ناوچە شاخاویەکانی سنوری ئیدارەی سۆران ئەبێت بەتایبەت لە کاتەکانی ئێوارەدا".

ئەو کەشناسە کوردە ئەوەشی خستەرو کە " لە کاتەکانی بەرەبەیانی سبەی یەکشەمەوە جارێکی دیکە حاڵەتێکی ناجێگیری کەش و هەوا لەدەریای ناوەراستەوە بۆ سەر ناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە و ئاسمانی زۆربەی ناوچەکان دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و لەگەڵ ئەگەری بارینی بارانێکی کەم لەنێوان لەکاتەکانی بەیانی بۆ نیوەرۆ و پاشان لە کاتەکانی دوای نیوەرۆ تا ئێوارە لەناوچە جیاجیاکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەولێر و ئیدارەی راپەرین و سۆران ناوبەناو ئەگەری دروستبوونی تاوە بارانی بەخوڕ و هەورە بروسکە ئەبێت ".

ئاشکراشی دەکات کە بۆ ناوچەکانی سنوری پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان کەش و هەواکە جێگیر ئەبێت و ئەگەرەکان لاوازەبن بۆ بارینی باران و دروستبوونی هەورە بروسکە وەک پێشتریش باسمان کرد ئەم حاڵەتە ناجێگیریانە لە کەش و بەرگەهەوای ناوچەکە سەرەتای هەفتەی ئایندە بەردەوامیان ئەبێت.
   




PM:01:12:04/04/2026