میدیای نزیک لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڵاویکردەوە "هێزەکانی ئاسایشی دهۆک، سەباح ئەتروشی، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی لە ماڵەکەی خۆیدا" دەستگیر کردوە.
شەممە، ٤ نیسان ٢٠٢٦، بە پێی زانیارییەکانی ئەو میدیایە "کە لە سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی سەباح ئەترۆشی دەستی کەوتوون، هێزەکانی ئاسایش بەبێ هەبوونی هیچ فەرمانێکی دادوەر و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو ڕۆژنامەنووسە. سەرەتا سەباح ئەترۆشی بەهۆی نەبوونی نووسراوی دادگا ڕەتیکردووەتەوە لەگەڵیان بڕوات، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە ناچاری بردوویانە".
لە هەواڵەکەدا هاتوە "لە کاتی دەستگیرکردنەکەدا، خێزان و منداڵەکانی سەباح ئەترۆشی هەوڵیانداوە لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە دیمەنی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەیان تۆمار بکەن. بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە زۆر مۆبایلەکانیان لێ وەرگرتوون و تەواوی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەیان سڕیوەتەوە کە کاتی دەستگیرکردنەکەی تێدا بووە".
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو چالاکوانە هێزەکانی ئاسایش بە خێزانەکەیان وتوە "کاک سەباح لای ئێمەیە و تەنیا چایەک دەخواتەوە، بابەتەکە مەکەنە هەرا و مەیگەیەننە میدیاکان.
"بڕیاربوو ڕۆژی دووشەممە، سەباح ئەترۆشی و ژمارەیەک لە هاوڵاتییان لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای دهۆک گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دژیپڕۆژەی ڕووناکی ئەنجام بدەن".