ئەندامێکی پێشووی سکرتاریەتی ئیمڕاڵی، لە میانی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی ئامارا، زانیاریی نوێی دەربارەی نامەیەکی تایبەتی عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ مەسعود بارزانی ئاشکرا کرد.
وەیسی ئاکتاش، ڕایگەیاند'' ئۆجالان داوای لێکردووە ڕۆڵی کۆکەرەوە بۆ هەموو لایەنە کوردییەکان بگێڕێت.''
ئاکتاش ئاماژەی بەوە دا، ئۆجالان لە نامەکەیدا تەنیا یەک مەرجی بۆ ئەم نوێنەرایەتییە داناوە، ئەویش ئەوە بووە کە بارزانی "دیموکرات بێت" تا بتوانێت ببێتە چەتری نەتەوەیی.
هاوکات، نیگەرانیی خۆی نیشان دا لەوەی کە ئەم دەستپێشخەرییەی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە لایەن مەسعود بارزانییەوە وەک پێویست پێشوازیی لێ نەکراوە و وەڵامێکی ئەرێنی نەدراوەتەوە.
"نوچە" ماڵپەڕ و کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیی نوێیە کە لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نزیکە و لە ڕۆژی نەورۆزی ئەمساڵدا دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە.