''سوودانی بەڵێنی ناردنی مووچەی مانگی سێی دا''

شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا ڕایگەیاند'' محەمەد شیاع سوودانی، بەڵێنی داوە لەم هەفتەیەدا کۆتایی بە کێشەی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێم بهێنێت و پارەکە ڕەوانە بکات.''

بە وتەی دووبەردانی، ئەم بەڵێنەی سوودانی لە کۆبوونەوەیەکدا بووە لەگەڵ شاندی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی. سەبارەت بە کێشەی ١٢٠ ملیار دینارەکە و ناکۆکییەکانی وەزارەتی دارایی، ئاماژەی بەوە کرد کە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، گڵۆپی سەوزی بۆ ناردنی مووچە هەڵکردووە و ڕایگەیاندووە'' پابەندی بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران دەبێت و هەر کاتێک فەرمانی ناردنی پارەکە بدرێت، ڕەوانەی دەکات.''

ئەو پەرلەمانتارە تیشکی خستە سەر خاڵێکی گرنگ و وتی" داهاتی سەرجەم مەرزەکانی عێراق نەگەیشتووەتە ٣٢٠ ملیار دینار، بۆیە ناكرێت داوای ١٢٠ ملیار تەنیا لە هەرێم بکرێت، سوودانیش بەڵێنی داوە ئەم بابەتە بە هەند وەربگرێت و نەیکاتە ڕێگر لەبەردەم مووچەی خەڵک." 

چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق لە دوو ڕۆژی داهاتوودا، ڕاستەوخۆ پڕۆسەی ناردنی پارەی مووچەی هەرێم دەست پێ بکات.




PM:09:24:04/04/2026