دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماری وردی هێرشە درۆنییەکانی ٤٨ کاتژمێری ڕابردووی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ڕۆژی هەینی ٣ی نیسانی ٢٠٢٦ و لە کاتژمێر ٣:٤٥ خولەکی دوای نیوەڕۆ یەکەم هێرش کراوەتە سەر کەمپی پەنابەران لە شاری کۆیە و دواتر لە نێوان کاتژمێر ٦ بۆ ٧ی ئێوارەی هەمان ڕۆژ ٧ هێرشی تری درۆنی کراونەتە سەر هەمان ناوچە.
دەربارەی ئاماری ڕۆژی شەممە ٤ی نیسانی ٢٠٢٦ دەزگای ئاسایش ڕوونی کردووەتەوە کە لە کاتژمێر ٢:٥٨ و ٣:٢٣ خولەکی بەیانی بە ٢ درۆن هێرشکراوەتە سەر فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ و پاشان لە کاتژمێر ٧:١٥ و ٧:٢٠ خولەکی ئێوارە دووبارە بە ٢ درۆن کەمپی پەنابەرانی کۆیە کراوەتە ئامانج و دواجار لە کاتژمێر ٨:٣٩ خولەکی شەو بە درۆنێک هێرشکراوەتە سەر گوندی شێخ وەیساوای نزیک شاری سلێمانی.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم سەرەڕای چڕیی هێرشەکان لەو چەند کاتە جیاوازەدا بەڵام خۆشبەختانە هیچ کام لە هێرشە درۆنییەکان زیانی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە و تەنیا زیانی ماددییان گەیاندووە.