"هەر کەسێك غازی ماڵان گران بفرۆشێت سزا دەدرێت"


دوای کۆبونەوەی پارێزگاری هەولێر و جێگرەکەی و قایمقام لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی دابەشکردنی نەوت و کانزاکانی پارێزگای هەولێر، ڕاگەیاندراوێکیان سەبارەت بە ناوەرۆکی کۆبونەوەکە بڵاوکردەوە و هۆشداری دەدەنە بریکارەکانی دابەشکری غازی ماڵان.

یەک شەممە، ٥ نیسان ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە لە کۆبونەوەکەدا  "تیشکخراوەتە سەر میکانیزمی نوێی دابەشکردنی غازی ماڵان بەسەر هاوڵاتییاندا لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنی و بە وردی باس لە پرۆسەی دابەشکردنی غاز لە گەڕەکەکان کرا، کە لە رێگەی بریکارەکانەوە و بە چاودێریی راستەوخۆی لایەنە حکومییەکان بەڕێوەبچێت".

"ئامانج لەم هەنگاوە رێکخستنەوەی بازاڕ، رێگریکردن لە قۆرخکاری و دڵنیابوونەوە لە گەیشتنی غاز بە یەکسانی و بە نرخی حكومی بۆ هەموو ماڵانە، تاوەکو هاوڵاتییان لە گەڕەکەکانی خۆیاندا بەبێ گرفت پشکی مانگانەیان پێبگات"، لە راگەیاندراوەکەدا وا هاتووە.

سەبارەت بە بەرزکردنەوەی نرخی بوتڵی غاز، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، هۆشداری دایە هەموو کارگە و بریکارەکانی دابەشکردنی غاز، بە هیچ شێوەیەک رێگە بە بەرزکردنەوەی نرخ نادرێت و هەر کەسێک غاز بە گرانتر لە نرخی دیاریکراو بە کارتی ئەلیکترۆنی بفرۆشێت، رووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە، بۆیە داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد چاودێریی وردی بازاڕ بکەن.

دوای ٢٨ شوباتی ئەم ساڵ بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، یەکێک لەو قەیرانانەی هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە گرانبوونی نرخی غازی ماڵانە بەشێوەیەک لە بەشێکی ناوچەکان نرخەکەی لە نێوان ٢٢ هەزار بۆ ٢٥ هەزارە و لە سنوری پارێزگای دهۆکیش تا ٣٣ هەزار دینار بەرزبۆتەوە لە کاتێکدا نرخی حکومی ٨ هەزار و ٥٠٠ دینارە بۆ هەر بوتڵێک. 




PM:02:24:05/04/2026