سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و دەڵێت "بەتوندی سەرکۆنەی هێرشە قێزەونەکانی میلیشیا تیرۆریستەکان دەکەم کە کونسوڵخانەی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ناوچە مەدەنییەکانی هەولێریان کردە ئامانج".
یەک شەممە، ٥ نیسان ٢٠٢٦، لە پەیامەکەی مەسرور بارزانیدا هاتووە " ئەم دەستدرێژییە ئەنقەستانە هەڕەشەیەکی جدین بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بە گشتی. ئەمە کارێکی قبوڵنەکراوە".
"جارێکی دیکە بە ڕوونی و بێ ئەملاو ئەولا داوا لە حکومەتی فیدراڵ لە بەغداد دەکەم کە ڕێکاری دەستبەجێ، یەکلاکەرەوە و بەرجەستە دژی ئەم گروپە چەکدار و میلیشیا لەیاسادەرچووانە بگرێتە بەر"، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وا دەڵێت.
لە کۆتای پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی دەشڵێت "ئەرکی سەرشانی حکومەتی فیدراڵە کە هەموو تواناکانی بەکاربهێنێت بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشە تیرۆریستییانە و ڕاپێچکردنی بەرپرسانی ئەم کارانە بۆ بەردەم دادگا".