حیزبەکانی ڕۆژهەڵات وەڵامی ترەمپ دەدەنەوە: هیچ چەکێکمان لە ئەمریکا وەرنەگرتووە

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز باسی لەوە کرد کە واشنتن لە ڕێگەی کوردەکانەوە چەکی بۆ خۆپێشاندەرانی ناو ئێران ناردووە بەڵام گومانی هەبوو لەوەی چەکەکان گەیشتبنە جێی خۆی و ڕایگەیاندبوو” پێدەچێت کوردەکان چەکەکانیان بۆ خۆیان هەڵگرتبێت.” 

حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە توندی ئەم قسانە ڕەت دەکەنەوە و جەخت دەکەنەوە کە هەموو ئەو چەکانەی لەبەردەستیاندان کۆنن و بۆ چەند دەیەی ڕابردوو دەگەڕێنەوە.

کاکۆ عەلیار ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ ئاماژەی بەوە دا، وەک حیزبەکەیان هیچ چەکێکیان بۆ نەهاتووە و ئاگاداری بابەتەکە نین و هیچ کەسێکیش لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵ نەکردوون. 

هاوکات محەممەد نەزیف قادری بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند” سیاسەتی ئەوان مەدەنییانەیە و ئەو چەکانەی هەیانە هی ٤٧ ساڵ لەمەوبەرن و لە مەیدانی شەڕدا وەک دەستکەوت کۆکراونەتەوە یان لە بازاڕ کڕدراون.” 

لەلایەکی دیکەوە ئەمجەد حوسێن پەناهی بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دووپاتی کردەوە کە یەک فیشەکیشیان لە هیچ وڵاتێک وەرنەگرتووە و ئەو چەکانەی هەیانە هی ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵ لەمەوبەرن یان لە بازاڕی ڕەش پەیدایان کردووە.




PM:07:23:05/04/2026