کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە یادی ٤٦ ساڵەی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی بەسەر کوردانی فەیلیدا هات ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە دا، ڕژێمی پێشووی بەعس تاوانێکی گەورەی دەرهەق بەم توێژە ئەنجامداوە کە بریتی بووە لە ئاوارەکردنی زۆرەملێ و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیییان و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵیان و بێسەروشوێنکردنی هەزاران گەنجیان کە تا ئێستاش چارەنووسی بەشێکی زۆریان بە نادیاری ماوەتەوە.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە جەخت دەکاتەوە، ئەم یادکردنەوەیە تەنیا بیرهێنانەوەی ئازار نییە بەڵکو ساتێکی بەرپرسیارێتییە بۆ نوێکردنەوەی داواکاریی دادپەروەری چونکە سەرەڕای بە جینۆساید ناساندنی ئەم تاوانە هێشتا مافی کوردانی فەیلی بە ناتەواوی ماوەتەوە و هەر بۆیە بانگەوازی خۆیان بۆ حکومەتی فیدراڵیی عێراق دووپات دەکەنەوە کە هەنگاوی جددی بنێت بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ونبووەکان و قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان و گەڕاندنەوەی شکۆمەندانەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە پێویستە ناوچەکانی فەیلی بخرێنە ناو پلانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری و جەختیش لە گرنگیی یەکگرتوویی ناوماڵی فەیلییەکان دەکرێتەوە وەک بەردی بناغەی گەڕاندنەوەی مافەکان و داواش لە هێز و لایەنە کوردییەکان دەکرێت کە ئەم پرسە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە دۆزی نەتەوەیی کورد ببینن و لە کۆتاییشدا کەنەکە سەری ڕێز بۆ گیانی پاکی قوربانیانی ئەم کۆمەڵکوژییە و تەواوی گیانبەختکردوانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دادەنەوێنێت و بەڵێنی بەردەوامیی خەبات بۆ گەیشتن بە یەکسانی و دادپەروەری دووپات دەکاتەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
لە یادی 46 ساڵەی کۆمەڵکۆژی کوردانی فەیلیدا
لەم ڕۆژانەدا یادی 46 ساڵەی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەکەینەوە کە بەسەر کوردانی فەیلیدا هات، تاوانێک کە ڕژێمی پێشووی بەعسی سەردەمی سەدام حوسێن ئەنجامیدا. ئەم تاوانە بریتی بوو لە ئاوارەبوونی زۆرەملێ و جینۆساید و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی توێژێکی دانەبڕاوی گەلی کورد.
کوردانی فەیلی لە یەکێک لە تاوانە نامرۆڤایەتییەکانی مێژووی عێراقی مۆدێرنداڕووبەڕووی هەڵمەتێکی سیستماتیکی دەستبەسەر و ڕاگواستنی زۆرەملێ لە زێدی خۆیان کۆمەڵکوژیی بوونەوە. دەست بەسەر موڵک و ماڵیاندا گیرا و هەزاران لەگەنجەکانیان لە زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا بێسەروشوێن کران. چارەنووسی بەشێکی زۆریان تا ئەمڕۆش بە نادیاری ماوەتەوە،
ئەم یادکردنەوە تەنها بیرهێنانەوەی ئازارەکانی ڕابردوو نییە، بەڵکو ساتێکی بەرپرسیارێتییە بۆ نوێکردنەوەی داواکاری دادپەروەریی و چاکسازیی. سەرەڕای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ بەسەر ئەو تاوانانەدا ی سەرەڕای بە فەرمی ناساندنی ئەو تاوانە بە جینۆساید، مافی کوردانی فەیلی بە ناتەواوی ماوەتەوە و فایلی بێسەروشوێنەکان بە کراوەیی ماوەتەوە و ئازاری بنەماڵە زیانلێکەوتووەکان بەردەوامە.
بەم بۆنەیەوە ئێمە وەک کۆنگرەینەتەوەیی کوردستان بانگەوازیی خۆمان بۆ حکومەتی فیدراڵی عێراق دووپات دەکەینەوە کە هەنگاوی کۆنکرێتی و جددی بنێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە بە ئاشکراکردنی چارەنووسی ونبووەکان و قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان و گەڕاندنەوەی ماف و موڵک و ماڵە دەستبەسەرداگیراوەکان و گەرەنتیکردنی ئەوەی کە لە داهاتوودا ئەو جۆرە تاوانانە دووبارە نەبنەوە.
هەروەها جەخت دەکەینەوە لە گرنگی خستنەڕووی ناوچەکانی فەیلی لە پلانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و کارکردن بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانیان و بارودۆخی ئابوری و دابینکردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەی شکۆدار و پارێزراوی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
جگە لەوەش پێویستە ئەوشوو بگوترێت کە یەکگرتوویی نا ماڵی کۆمەڵگەی فەیلی بەردی بناغەی گەڕاندنەوەی مافەکانیانە، ئەمەش پێویستی بە گرنگیدان بە بەرژەوەندی گشتی و کارکردنی پێکەوەیی و وەلانانی جیاوازی و دووبەرەکییەناوخۆییەکان هەی. هەروەها هێز و لایەنە کوردییەکان بەرپرسیارێتییەکی مێژوویییان لە ئەستۆدایە کە ئەم پرسە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە دۆزی بەرفراوانی کورد لە باوەش بگرن.
یادکردنەوەی ئەم کارەساتە، بەڵێنێکی نوێبوونەوەی دڵسۆزییە بۆ قوربانیدانی کوردانی فەیلی و دووپاتکردنەوەی پابەندبوونمانە بە درێژەدان بە خەباتی ئاشتیانە و یاسایی بۆ گەیشتن بە دادپەروەریی و یەکسانیی.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کە یادی ئەم کارەسات و فەرمانە لە دژی گەلەکەمان بەبیر دێنینەوە، سەری رێز و نەوازش لە بەردەم پاکڕەوانانی کوردانی فەیلی دادەنیوێنین و داوای مافەكانیان لە عێراق و كوردستان و سەكۆ نێودەوڵەتیەکان بە ڕەوا دەزانین و ھەوڵ و خەبات و تێكۆشانی لە پێناودا دەكەین.
سڵاو لە گیانی پاكی قوربانیانی كۆمەڵكوژیی كوردانی فەیلی و تەواوی گیانبەختكردوانی ڕێگای ڕزگاری كورد و كوردستان.