وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکانی شەوی ڕابردوو بۆ سەر یەکێک لە بارەگاکانیان بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "جارێکی دیکە گرووپە تیرۆرستییە لەیاسا دەرچووەکان، لە رێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان".
دوو شەممە، ٦ نیسان ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە "ئەم زنجیرە هێرشانە، بە ئاشکراو بە بەرچاوی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە و زیانی گیانی و ماددی زۆریان هەبووە".
"تا ئێستا حکوومەتی فیدراڵ، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق، هیچ هەڵوێستێکی جدیان نەبووە بۆرێگریکردن لەم هێرشە تیرۆریستی و تێکدەرانەیە"، وەزارەتی پێشمەرگە وا دەڵێت.
وەزارەتەکە دووپاتی کردووەتەوە "پێشمەرگە بەشێکە لەسیستەمی ئەمنی و بەرگری، هەمیشە رۆڵی سەرەکی و کاریگەری هەبووە لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق، دەبێ ئەو دەستدرێژیانە بەخێرایی بوەستێنرێت و تاوانکاران سزا بدرێن".
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە "ئێمە لە پێناو بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراق و کوردستان و لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە نالەبارە، دانمان بە خۆماندا گرتووە، بەڵام ئەگەر حکومەتی فیدراڵ هەر وا بێ هەڵوێست بێت ناچار دەبین هەڵوێستی دیکەمان دەبێت".