بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان باسی لەوەکرد کە چوار مانگی دەستنیشانکراوە بۆ داشکاندنی پارەی پسوڵەی ئاو کۆتاییهات و دەڵێت "چیدیکە ماوەی ئەو داشکاندنە درێژ ناکرێتەوە، چونکە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ٤ جار درێژکراوەتەوە".
دوو شەممە، ٦ نیسان ٢٠٢٦، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "داشکانی تایبەت بە بەستنی پێوەری ئاو کە بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوام بوو، سەرەتای ئەم مانگە کۆتایی هات. لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٧ هەزار و ٥٠٠ کەس سوودمەند بوون و بە کۆی گشتی نزیکەی ١٤ ملیار دینار داشکان بۆ هاوڵاتییان کرا".
"ئەو هاوبەشانەی پێوەریان بەستووە، مانگانە بەپێی بەکارهێنان بڕی ٠ تاوەکو ٤٥ هەزار دیناریان بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوانەی پێوەریان نەبەستووە، مانگانە راستەوخۆ بڕی ٤٥ هەزار دیناریان بۆ هەژمار دەکرێ"، بەڕێوبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ وا دەڵێت.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، ئێستا یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار هاوبەشی ئاو لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون کە ٪٩٠ یان پێوەری ئاویان بەستووە.