پارێزگاری کەرکوک، رێبوار تەها کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە بارەی شێوازی دابەشکردنی غازی ماڵان ئەنجامدا و دەڵێت "هیچ کێشە و قەیرانێکی غاز لە کەرکوک بوونی نییە" و هەروەها وتیشی "نرخی هەر بوتڵێک غاز هەزار دینار دەدەبەزێت".
دوو شەممە، ٦ نیسان ٢٠٢٦، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک رایگەیاند "شێوازی دابەشکردنی غاز دەگۆڕێت و لە ڕۆژانی داهاتووەوە دابەشکردنی غاز بەسەر ماڵان یاخود پڕکردنەوەی، دەبێتە سیستمی ئەلیکترۆنی و لەڕێگەی کۆبوونی نەوتەوە هەر ماڵێک دەتوانێت مانگی دوو غاز وەربگرێت".
پارێزگاری کەرکووک وتیشی "نرخی غاز هەزار دیناری لێی کەم دەبێتەوە و نرخی بتڵی غازی ماڵان لە حکومی بە شەش هەزار دینار دەفرۆشێت".
بە وتەی ڕێبوار تەها ساڵی پار، بەرهەمهێنان ١٩ هەزار بتڵ بووە، بەڵام ئێستا بەرهەمهێنان ٢٣ هەزار بتڵی تێپەڕاندووە و زیادیکردووە.