نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی هێرشە درۆنییەکەی سەر هەولێر سەرکۆنە دەکەن و بە "تاوانی جەنگ" ناوی دەبەن

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا زۆر بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە درەنگانی شەوی ڕابردوو کرایە سەر ماڵی هاووڵاتییەک لە گوندی زەرگەزەویی سەر بە پارێزگای هەولێر و بووە هۆی شەهیدبوونی دوو هاوژین.

ڕایگەیاند'' ئەم هێرشانە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نین و پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە بۆ سەر خەڵکی سڤیل و بێتاوانی هەرێمی کوردستان.''

هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خەمباریی قووڵی خۆی بۆ شەهیدبوونی ئەو پێشمەرگەیە و هاوژینەکەی دەربڕی و ئەم هێرشەی بە تاوانێکی قێزەون و "تاوانی جەنگ" وەسف کرد.

جەختی کردەوە کە بە ئامانجگرتنی ماڵی هاووڵاتییان و خەڵکی سڤیل هیچ پاساوێکی نییە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد سنوورێک بۆ ئەم ستەمکارییە دابنرێت کە بەرامبەر گەلی کوردستان دەکرێت.

ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە هات کە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند'' درۆنێک ڕاستەوخۆ بەر ماڵێکی سڤیل لە گوندی زەرگەزەوی لە ناوچەی زرارەتی کەوتووە و لە ئەنجامدا هاونیشتمانییەک بە ناوی مووسا زراری لەگەڵ هاوژینەکەی شەهید بوون.'' 

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی هێرشی ئاسمانی بووەتەوە.



AM:10:11:07/04/2026