چەمچەماڵ..دژی بەرزبونەوەی نرخی غاز گردبونەوەیەک بەڕێوەچوو

‌زانا نوری، بریکاری غاز و دابینکەری غاز

لە شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بەشێک لە خاوەن چێشتخانە و نانەواخانەکان دژی گرانبوونی بوتڵی غاز گردبوونەوە و داوای "چارەسەرکردنی کێشەکە" دەکەن و دەڵێن "ئەگەر چارەسەر نەکرێت ناچارین کارکردن رابگرین".

سێ شەممە، ٧ نیسان ٢٠٢٦، زانا نوری، بریکاری غاز و دابینکەری غاز بۆ بەشێکی زۆر لە نانەواخانە و چێشتخانەکانی چەمچەماڵ بە میدیاکانی ڕاگەیاند "ئەو غازەی لەبەردەستمدایە بەشی هەموو جێگەکان ناکات، هاتوینەتە قائیمقامییەت تا کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکرێت، هەموویان ئاگادارن تا ئێستا بۆیانم دابینکردووە بەبێ کێشە، بەڵام لەمەودوا ناتوانم بۆیان دابین بکەم".

"هۆکاری کەمیی غاز دەگەڕێتەوە بۆ داخستنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بەمەش پشکی غازی چەمچەماڵ کەمی کردووە و دوو کارگەش لەشارۆچکەی چەمچەماڵ داخراون"، زانا نوری وا دەڵێت.

ئەو بریکارەی غاز ئاماژەی بەوەشکرد کە " زۆربەی هەرە زۆری نانەواخانەکان لە شارۆچکەی چەمچەماڵ بەهۆکاری نەبوونی غاز داخراون، بەشێکیان غازی ڕۆژانی پێشوویان ماوە و کاریان کردووە، گەر وابڕوا تەواوی نانەواخانە و چێشتخانەکان دادەخرێن و جوڵەی بازاڕ ڕادەوەستێت".

بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە ٢٨ شوباتی ئەمساڵ،  کێشەی کەمبونەوەی غاز لە هەرێمی کوردستان دروستبوە و بە هۆیەوە لە بەنزینخانەکان  بە نرخی ٢٢ تا ٣٣ هەزار دینار دەفرۆشرێت. 




PM:03:06:07/04/2026