فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دەست بە گەشتەکان دەکەنەوە

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق راگەیاند کە ئاسمانی وڵات دووبارە بە ڕووی هاتوچۆی فڕۆکەکاندا کراوەتەوە و سەرجەم فڕۆکەخانەکان ئامادەی دەستپێکردنەوەی کارەکانیانن، دوای ئەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ماوەیەکی زیاتر لە مانگێک بەهۆی دۆخی جەنگی ناوچەکەوە راگیرابوون، هاوکات فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلیمانیش گەشتەکانیان دەستپێدەکەنەوە.

بەپێی راگەیەنراوێک کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، هاتوچۆی ئاسمانی لە ئێستادا بە شێوەیەکی ئاسایی دەگەڕێتەوە و فڕۆکەخانەکان بە تەواوی ئامادەن بۆ وەرگرتن و بەڕێکردنی گەشتەکان.

لە هەمان کاتدا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر  و ئاماژەی دا کە ئەم فڕۆکەخانەیە بە تەواوی ئامادەکراوە بۆ پێشوازی کردن لە گەشتە نێودەوڵەتییەکان، و تیمە کارگێڕییەکان لە ئێستادا سەرقاڵی ڕێکخستنی وردەکاریی گەشتەکانی هاتن و چوونن.

هەروەها دەستنیشانکرا کە لە نزیکترین کاتدا و بە هاوکاری دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان، پرۆسەی وەرگرتن و بەڕێکردنی فڕۆکەکان لە فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بە شێوەیەکی فەرمی دەستپێدەکاتەوە.

هەرچەندە گەشتەکان بە شێوەیەکی کەم دەست پێدەکەنەوە، بەڵام فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر ئاگادارکراونەتەوە کە دانانی خشتەی نوێی گەشتەکان ٢ بۆ ٣ ڕۆژی تر دەخایەنێت، بۆ ئەوەی هەموو گەشتەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بێ کێشە بگەڕێنەوە بۆ دۆخی ئاسایی.

دەسەڵاتدارانیش داوایان لە گەشتیاران کردووە پێش ڕۆیشتن بۆ فڕۆکەخانە، دڵنیابن لە کاتی گەشتەکانیان، چونکە هێشتا هەندێک گۆڕانکاری لە خشتەکاندا ڕوودەدات.





AM:11:19:08/04/2026