نێچیرڤان بارزانی: پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەم

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و رایگەیاند" ئەم پێشهاتە ھەنگاوێکی گرنگە بەرەو ھێورکردنەوەی گرژییەکان، پاراستنی خەڵکی سڤیل و گەڕانەوە بۆ دیالۆگی بونیاتنەر".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی نیسان، بە نێوەندگیریی پاکستان، ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران بۆ دوو هەفتە راگەیەندرا.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت،" ھیوادارم هەموو لایەنەکان بە نیەتێکی پاکەوە پابەندی ئەم بەڵێنە بن و کار بکەن بۆ ئاشتییەکی بەردەوام کە سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە تەواوی ناوچەکەدا بچەسپێنێت".

بەپێی ئاگربەستەکە، ئەمریکا و ئێران و ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر یەکدی رادەگرن لەو دوو هەفتەیەدا و پێویستە ئێرانیش تەنگەی هورمز بۆ کەشتییەکان بکاتەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت" دەستخۆشیمان بۆ ھەوڵەکانی ھەموو ئەو لایەنانە ھەیە کە بەشداربوون لە ئاسانکاری بۆ ئەم ئاگربەستە".



PM:12:09:08/04/2026