وەزیری خوێندنی باڵا: ئەم شەو بڕیار لە چارەنووسی خوێندن دەدرێت


وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی خوێندن لە ناو زانکۆ و پەیمانگاکاندا دەڵێت " بەهۆی بوونی ئاگربەست و ئارامیی دۆخەکەوە، ئەمشەو لەبارەی چارەنووسی خوێندن بڕیار دەدەین".

چوار شەممە، ٨ نیسان ٢٠٢٦، ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان ریگەیاند "سوپاس بۆ خودا بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەستێک دەبێت، پێشتر بڕیاردرابوو خوێندن بکرێتە ئۆنلاین لەسەر بڕیاری ژووری ئۆپەراسیۆنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین دۆخەکە ئارامە و دەرفەتێکی لەبار هەیە بۆ گەڕانەوەی خوێندکاران".

"بڕیارە ئەمشەو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی حکومەت کۆببینەوە بۆ ئەوەی بڕیارێکی تەندروست لەبارەی چارەنووسی خوێندن بدرێت"، وەزیری خوێندنی باڵا وا دەڵێت.

لە بارەی دۆخی ئەمنی و کاریگەرییەکانی لەسەر پرۆسەی خوێندن، دکتۆر ئارام محەممەد وتی "لە هەرێمی کوردستان تەنیا بابەتی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران نییە، بەڵکو ئەو گرووپانەی لە عێراقدا هەن زۆرجار هەڕەشە لە ئێمە دەکەن و مەترسییەکان لەوێوە بۆ ئێمە دێن. بۆیە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ئایا ئەگەر ئەمریکا و ئێران مووشەکەکان خامۆش بکەن، ئەو گرووپانە چی دەکەن".

٢٩ ئادار ٢٠٢٦،  حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا خوێندنی ئامادەبوون لە ناو پۆل رابگیرێ و پڕۆسەکە تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام بێت.




PM:07:36:08/04/2026