حکومەت یاسای پەرلەمانی بۆ پشووی رۆژی روخانی سەدامی پێشێل کرد


لە کاتێکدا پەرلەمانی کوردستان رۆژی ٩ ی نیسان، رۆژی رووخانی رژێمی سەدامی لە ساڵی ٢٠٠٣دا بە یاسا کردووە بە پشوو، ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم ماف بە خۆی دەدات سەرپێچی لەسەر ئەو یاسایە بکات و پشووەکە هەڵوەشێنێتەوە.

رۆژی چوار شەممە ٨ ی نیسان فەرمانگەی میدیاو زانیاری لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دوو راگەیاندنی بڵاوکردەوە، راگەیاندنی یەکەم رۆژی ٩ ی نیسانی کە رۆژی رووخانی رژێمی دیکاتۆریە وەک ساڵانی پێشوو کردەوە بە پشووی فەرمی، بەڵام دوای ماوەی نزیکی کاتژمێرێک لەو راگەیاندنەی پەشیمان بووەو ئەو پشووەی هەڵوەشاندەوە، بەبێ ئەوەی بزانرێت هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو پشووە، چییەو لە راگەیاندنی دووەمیشدا هیچ ئاماژەیەک بەو هۆکارە نەکراوە.

 بەپێی یاساکەی پەرلەمان ژمارە ١٧ ساڵی ٢٠٠٣ لە مادەی یەکەمدا، هاتووە" رۆژی ٩/٤/ ٢٠٠٣ رۆژی ئازادکردنی عێراق لە رژێمی دیکتاتۆری سەرکوتکار دەکرێ بە پشووی رەسمی لە کوردستانی عێراقدا.

 لە مادەی دووەمیشدا هاتووە " هەر دەقێک پێچەوانەی حکومەکانی ئەم یاسایە بێت ناخرێتە بەر کار". 

حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ چوار شەممە ٨ ی نیسان ئەو پشووە فەرمییەی یاسای پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە، لە کاتێکدا حکومەت ناتوانێت لە رووی یاساییەوە کارێکی لەو شێوەیە بکات.

دەقی یاساکەی پەرلەمان..




PM:09:48:08/04/2026