شارەزایەکی کەشناسی بڵاویکردەوە کە سبەی هەینی پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە و بە" گشتی لە زۆربەی ناوچەکان کەش جێگیر دەبێت، بەڵام لە هەندێک شوێن لێزمە باران و هەورەبروسکە بەردەوامی دەبێت".
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی بڵاویکردەوە کە " سبەی هەینی گۆڕانکاریەک بەسەر کەش و هەوای ناوچەکانمان دێت لەئەنجامی چالاکبوونی بای باشور لەناوچەکانی ناوەراست و باشوری عێراقەوە بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کە هەوایەکی تارادەیەک وشک و گەرمی لەگەڵدا دێت بۆیە بەڕاورد بە ئەمڕۆ پلەکانی گەرما سبەی هەینی ٥ تا ٦ پلە بەرز ئەبنەوە و کاریگەری ئەو ناجێگیریەش کە لەبەرگەهەوای ناوچەکەدا هەیە لاواز ئەکات و بەگشتی کەش و هەوا لە زۆربەی ناوچەکانمان جێگیرە بێت بەتایبەت تەواوی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و وە سەنتەری دهۆک هەولێر و دەوروبەری سەنتەری پارێزگاکە و ئیدارەی گەرمیان".
ئاشکراشی دەکات کە بەزۆری ئاسمان ساماڵ ئەبێت لەگەڵ بوونی هەوری تەنکی بەرز ( Cirrus ) و ئەگەری بارانبارین نابێت و کەش لەبارە بۆ گەشت و چوونە دەرەوە ، بەڵام کاریگەری ناجێگیریەکە لەبەرگەهەوادا بەلاوازی بەردەوامی ئەبێت بەتایبەت لەناوچەکانی سنوری ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاویەکانی ئیدارەی راپەرین و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای دهۆک ئەگەر هەیە لەهەندێ شوێن و کاتدا هەورە بروسکە و تاوە بارانی کورت خایان دروستببێتەوە و بەرادەیەکی کەم کەش و هەوا ناجێگیرەبێت لەو ناوچانەدا بەڵام مەرج نیە هەموو شوێنەکانیش باران و بروسکە هەبێت ، وەک باسمان کرد بای باشور چالاک ئەبێت و خێرایەکەی لەنێوان ١٥ تا هەندێک بۆ زیاتر لە ٣٥کم لە کاتژمێرێکدا ئەبێت بەتایبەت لەنێوان کاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە خێرای باکە چالاکتر ئەبێت ".