وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە وەزارەتی دارایی عێراق لە تەمویلی مووچەی مانگی ئاداردا، بڕی زیاتر لە ٢١ ملیار دیناری نەناردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی مووچەی مانگی ئازار، وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بڕی ٢١ ملیار و ٤٠٧ ملیۆن و ٥٩٥ هەزار و ٣٧٥ دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی ئادار نەناردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، ئەو بڕە پارەیەی نەنێردراوە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازیی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتەکە، پێشتر لە راگەیەنراوێکی دیکەیدا ئاماژەی بەوە دابوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڕی ٩٥٧ ملیار و ١٢٢ ملیۆن دینار، وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بۆ مانگی ئادار (سێ) خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.