یەکێتی مامۆستایان داوای دەستپێکردنەوەی خوێندن دەكات

یەکێتی مامۆستایانی كوردستان داوای دەستپێکردنەوەی خوێندن لەنێو قوتابخانەکان دەكات و وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵاش بڕیارە كۆببنەوە و بڕیاری كۆتایی بەپێی دۆخەكە بدەن.


عەبدولواحید ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاندووە" سەرەتاش جەختمان کردووەتەوە، کە خوێندنی نێو پۆل باشترین بژارەیە و بۆ ئێستاش هەمان هەڵوێستمان هەیە و ئێستا کە دۆخەکە هێور بووتەوە و ئاگربەست راگەیەندراوە، پێمانباشە خوێندن بە ئامادەبوون لە پۆلەکان دەستپێبکاتەوە".

هەرچەندە بڕیار بوو دوێنێ‌ هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا كۆببنەوە و بڕیار لە پڕۆسەی خوێندن و دەستپێكردنەوەی خوێندنی ناو پۆل بدەن، بەڵام بەرپرسانی ئەو دوو وەزارەتە هیچ بڕیارێكیان تاكو ئێستا ڕانەگەیاندووە و پێدەچێت تاوەکو یەک شەممە بڕیاری نوێ لەبارەی خوێندنەوە بدەن.

د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە،" تاوەکو ئەمڕۆ بڕیار لە دەستپێکردنەوەی خوێندنی بەشێوەی ئامادەبوون لە زانکۆ و پەیمانگەکان نەدراوە".

لە ٢٨ی شوباتەوە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، خوێندن لە هەرێمی کوردستان راگیرا. ٢٩ی ئادار بڕیاردرا ئامادەبوون لەنێو پۆلەکان رابگیرێت و پڕۆسەی خوێندن تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام بێت.






PM:05:53:09/04/2026