جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی دیموکراتی کوردستان، فەرهاد ئەتروشی، راگەیاندراوێکی سەبارەت بە کۆبونەوەی سبەینێ، ١١ نیسان پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێت "رەزامەند نین".
هەینی، ١٠ نیسان ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی نیشتمانیمان و پەرۆشیمان بۆ سەقامگیریی پڕۆسەی سیاسی، رایدەگەیێنین کە رەزامەند نین لەسەر خشتەی دانیشتنی ١١ی نیسان کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، چونکە سازانی نیشتمانی و سیاسی لەنێوان پێکهاتەکاندا نییە لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە".
فەرهاد ئەتروشی داوای لە هاوبەشەکانیان و سەرکردەکانی پڕۆسەی سیاسی کردووە "دەرفەت بڕەخسێنن بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتر و دیالۆگی جدی و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان بۆ گەیشتن بە سازانێکی نیشتمانی لەبارەی بەربژێری سەرۆک کۆمار، کە جێگەی رەزامەندییەکی فراوانی نیشتمانی بێت، دوور لە سیاسەتی باری سەپێندراو".
"رێککەوتن لەبارەی بەربژێری سەرۆک وەزیرانیش نییە، کە گرنگترین پۆستە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پڕۆسەی سیاسی، مافی خۆمانە بزانین کێ بەربژێر دەکرێت و بۆچوونمان لە بەربژێرکردنیدا هەبێت"، بەرپرسەکەی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی وا دەڵێت.
پێنجشەممە 9ی نیسانی 2026، راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق خشتەی دانیشتنەکەی بڵاوکردەوە کە شەممە 11ی نیسانی 2026 دەکرێت و لە یەک بڕگە پێکدێت، کە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارە.
کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان پێنج شەممە، ٩ نیسان بڵاوکرایەوە و تیایدا هاتووە کە " کاتژمێر ١١:٠٠ پێش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ١١ نیسان ٢٠٢٦، ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتنی ژمارە ١٧ خۆی ئەنجام دەدات، بڕگەی سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتی دەبێت لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق".
١٩ بەربژێر کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار دەکەن، دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
بە پێی دەستوور، دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی عێراقە کە ٢٢٠ پەرلەمانتارە.