نێچیرڤان بارزانی: هەرێم ئامادەیە هەناردەکردنی نەوت بکات بە ٧٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا

‌نێچیرڤان بارزانی- سەرۆکی هەرێمی کوردستان

 سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی کۆریێرێ دیلا سێرای ئیتاڵی سەبارەت بە چەند پرسێکی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە قسەی کرد و دەڵێت " دەتوانین هەناردەی نەوت لە ٣٠٠ هەزار بەرمیلەوە بۆ ٧٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرز بکەینەوە".

هەینی، ١٠، نیسان ٢٠٢٦، نێچیرڤان بارزانی، سەبارەت بە ئاگربەست رایگەیاندوە "هەڵوێستی ئێمە لە کوردستان زۆر روونە. ئێمە پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەین. دەزانین کە ئەم ئاگربەستە ناسکە، ئێمە لەوە تێدەگەین، بەڵام هیوادارین ئەم ئاگربەستە بەردەوام بێت و دەرفەت بۆ گفتوگۆیەکی راستەقینە لە نێوان هەردوو لایەن بڕەخسێنێت و هەموو کێشەکان لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێن".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە "کەس داوای لە ئێمەی کورد نەکردووە دەستوەردانی سەربازی لە ئێران بکەین، ئێمە نامانەوێت ببینە بەشێک لەم شەڕە، ئەمریکییەکان هەرگیز باسی گۆڕینی رژێمیان لە تاران بۆ ئێمە نەکردووە، بەڵکو ئەوان جەختیان لەسەر پێویستیی راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و بەرنامە مووشەکییەکانی دەکردەوە. هیچ کەسێک داوای لە ئێمەی کورد نەکردووە کە دەستوەردانی سەربازی لە ئێراندا بکەین. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە دژی ئەوەین خاکی خۆمان وەک بنکەیەک دژی دراوسێکانمان بەکاربهێنرێت، نامانەوێت ببینە بەشێک لەم جەنگە".
 
سەبارەت بەردەوامی هێڕشەکان کە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بە رۆژنامە ئیتالیەکە دەڵێت  "رازی نین لە هەوڵەکانی بەغدا، ئەوان کارێکی ئەوتۆ ناکەن بۆ رێگری لە هێرشی میلیشیاکان لە  سەرەتای شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٦٠٠ جار هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیر نابێت ئەگەر کۆنتڕۆڵی میلیشیاکان نەکات".
 




PM:12:43:10/04/2026