فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا لە ڕۆژی هەینی ١٠ی نیسانی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند” وەک بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و ئەخلاقی سبەینێ بەشداریی دانیشتنی پەرلەمان دەکەن.”
جەختیان کردەوە کە بڕیاری گەلی کورد لای تاکە حیزبێک نییە تا بە ئارەزووی خۆی زەوتی بکات، هەروەها داوایان کرد کە پەرلەمان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەرکە دەستوورییەکانی جێبەجێ بکات و ڕێگە نەدات هیچ لایەنێک کۆدەنگیی کورد قۆرخ بکات.
نەوەی نوێ ئاماژەی بەوە دا کە بڕیاری پارتی و هەندێک لایەنی دیکە بۆ بایکۆتکردنی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار نیشانەی ترسی ئەوانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی و کێبڕکێی دیموکراسی، بۆیە لە پشت دروشمی یەکڕیزی و تەوافوقەوە خۆیان دەشارنەوە، لە کاتێکدا لە ناو هەرێمدا باوەڕیان بەو پرەنسیپانە نییە و داوای لێکردن لەبری پاساوهێنانەوە ئەگەر ناتوانن کێبڕکێ بکەن با لە پرۆسەی سیاسی بکشێنەوە.
فراکسیۆنەکە جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو پەرلەمانتارانەی واژوویان بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەکە کردووە بەرپرسیارێتییەکی مێژووییان لەسەرە و پێویستە ئامادە بن، هەروەها ڕایانگەیاند کە ناوی هەموو ئەو پەرلەمانتارانە بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەنەوە کە ئامادەی دانیشتنەکە نابن تاوەکو گەلی کورد بزانێت چ لایەن و کەسانێک هەوڵی پەکخستنی دامەزراوە دەستوورییەکان دەدەن.