"هیچ پڕۆسەیەکی دەستووری یەکلا نابێتەوە تا سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران پێکەوە چارەسەر نەکرێن"

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکی نوێدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" لە ڕۆژی هەینی ١٠ی نیسانی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند” پێداگریی هەندێک لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەبێ یەکلاکردنەوەی پرسی سەرۆک وەزیران جێگەی قبووڵکردن نییە.”

بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لایەن دەیانەوێت پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەرەوپێش ببەن لە کاتێکدا هەندێکی تر بەردەوامن لە دواخستنی دیاریکردنی سەرۆک وەزیران.

جەختیشی کردەوە کە هیچ بەرکەوتەیەکی دەستووری جێبەجێ ناکرێت تاوەکو ئەو دوو پرسە بە هاوکات چارەسەر نەکرێن بە شێوەیەک کە کۆدەنگی دروست ببێت و هەموو لایەنەکان لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەراندا ئامادە بن.

ئەم هەڵوێستە توندەی سەرۆکی پارتی لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەی شەممە پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆببێتەوە و هێشتا لایەنە کوردییەکان (پارتی و یەکێتی) لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکنەکەوتوون و بە دوو کاندیدی جیاواز کێبڕکێ لەسەر ئەو پۆستە دەکەن، ئەم پەیامەش وەک ئاماژەیەک بۆ بایکۆتکردنی دانیشتنەکەی سبەی لە لایەن فراکسیۆنی پارتییەوە دەبینرێت.




PM:03:34:10/04/2026