شارەزایەکی کەشناسی کورد لەبارەی کەشوهەوای سبەی زانیاری گرنگ بڵاودەکاتەوە و هۆشداری دەدات ودەڵێت" لە هەندێک ناوچە ئەگەری دروستبوونی هەوری سوپەرسێڵ و بارینی تەرزە بە قەبارەیەکی گەورە هەیە و لافاو دروست دەبێت".
ئاراس جەبار شارەزایەی کەشناسی بڵاویکردووەتەوە کە " سبەی یەکشەمە بارستە هەوایەکی سارد و زۆر شێدار لەباشوری ئەوروپاوە بەسەر دەریای ناوەراستەوە ئەگاتە بەرگەهەوای ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ئەگەری دروستبوونی حاڵەتێکی ناجێگیری بەهێز لەکەشوهەوای زۆرێکی ناوچەکانمان ئەبێت و ئاسمانی هەرێم کاتەکانی بەیانی بۆ نیوەرۆ بە زۆری نیمچە هەور ئەبێت لەگەڵ ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ لەهەندێ کات و شوێندا ".
ئەو کەشناسە ئەوەشی خستەڕوو" پاشان لەکاتەکانی نێوان نیوەرۆ بۆ ئێوارە کاریگەری ئەو ناجێگیریە زیاتر ئەبێت و ئاسمانی ناوچەکان بە زۆری ئەگۆرێت بۆ هەوری تەواو وە ئەگەری دروستبوونی هەورە بروسکەی توند و تاوە باران و تەرزەی بەخوڕ لە زۆرێکی شوێن و ناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و هەولێر و کەرکوک و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین و سۆران و زاخۆ ئەبێت لەهەندێ شوێنیشدا بەهۆی بەهێزی بارینی باران و تەرزەوە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاوی خێرا Flash flood ئەبێت و لەگەڵ ئەگەری دروستبوونی هەوری سوپەرسێڵ و بارینی تەرزە بە قەبارەیەکی گەورە بەدیاری نەکراوی لەهەندێ شوێندا".
ئاماژەی بەوەشکردووە کە پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٣ تا ٤ پلە نزمدەبنەوە ، بای باشور مامناوەند چالاک ئەبێت ١٥-٣٠کم/ک لەکاتی تاوە باران و تەرزەکاندا خێرای باکە زیاتر ئەبێت .
راشیگەیاند" سبەی یەکشەمە لەکاتەکانی ئێوارەوە بەتێپەرینی کات کاریگەری ئەو ناجێگیریە لەکەش و بەرگەهەوای ناوچەکانمان لاواز ئەبێت و لەشەودا کەش جێگیر ئەبێتەوە و پاشان بۆ دوو سبەی رۆژی دووشەمە جارێکی دیکە لەکاتەکانی نێوان نیوەرۆ بۆ ئێوارە هەورە بروسکە و تاوە باران و تەرزە لە شوێن و ناوچەی جیاجیادا دەستپێدەکاتەوە و پلەکانی گەرماش زیاتر نزمدەبنەوە و پاشان لە ئێوارەی دووشەمەوە کاریگەریەکانی بەیەکجاری کۆتای پێدێت ".