سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی لە پەرلەمانی عێراق کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق دەڵێت "سوپاسی دکتۆر فوئاد حوسێن دەکەم کە لەپێناو یەکڕیزیی نەتەوەکەمان، وازی لە بەرژەوەندیی شەخسی هێناوە".
شەممە، ١١ نیسان ٢٠٢٦، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند "دکتۆر فوئاد پیاوێکی بەڕێزە و ماوەی ٥٠ ساڵە بێ وچان خەبات بۆ یەکڕیزیی کورد دەکات، دەستخۆشیی لێدەکەم بۆ ئەو ڕۆڵە مێژووییەی کە لەم پڕۆسەیەدا گێڕاویەتی، ئەو باش لە هاوکێشەکان تێگەیشتبوو و دەیزانی کە ئەم هەنگاوە لە بەرژەوەندیی گشتیی کوردایە".
"دڵنیام دکتۆر فوئاد دەیتوانی خۆی ماندوو بکات و دەنگێکی زۆر زۆر زیاتر بهێنێت، بەڵام ئەو بۆ یەکڕیزیی کورد بەو جۆرە سیاسەتی کرد و منیش دەستخۆشیی لێ دەکەم" سەرۆکی یەکێتی وا دەڵێت.
ئەمڕۆ لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکان بۆ پۆستی سەرۆکی کۆماری عێراق بەربژێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، نزار ئامێدی بە ٢٢٧ دەنگ بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا.