مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا لە ١١ی نیسانی ٢٠٢٦، بە توندی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقی کە ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوە چوو، ڕەت کردەوە و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن و مافەکانی گەلی کوردستانی وەسف کرد.
پارتی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو کاندیدەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دیاری کراوە، لە دەرەوەی ئالیەتە کوردستانییەکان بووە و تەنیا لەلایەن حزبێک و چەند لایەنێکی عێراقییەوە پەسەند کراوە، لە کاتێکدا کە ئەو پۆستە ئیستحقاقی نیشتمانیی گەلی کوردستانە نەک حزبێکی دیاریکراو، هەر بۆیە پارتی ئەو کەسە بە نوێنەری زۆرینەی کوردستان نازانێت و مامەڵەی لەگەڵ ناکات و فراکسیۆنی پارتیش وەک ناڕەزایەتییەک بایکۆتی دانیشتنەکەی کرد و داوای کردبوو ناوی کاندیدەکەیان لە پڕۆسەکە لابدراوایە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند'' بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم بارودۆخە هەستیارە و ڕاوێژکردن، بڕیاری داوە هەردوو فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزیرەکانی لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەستبەجێ بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.''
ئەم هەنگاوەش ئاماژەیەکی ڕوونی گرژییەکانی نێوان پارتی و لایەنەکانی دیکەی عێراقە لەسەر پۆستە سیادییەکان و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی پڕۆسە سیاسییەکان لە بەغدا.