بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، لە وتارێکی تونددا دۆخی ئیداری و دارایی سنووری سلێمانی بە "خراپ" وەسف کرد و ڕایگەیاند'' سەرەڕای وەستانی سەرجەم پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی وەک ڕێگەوبان و ئاو و کەرتی تەندروستی، بەڵام بڕێکی زۆر لە داهاتی ناوچەکە لە ڕێگەی قاچاخچێتی و سەرانەوەرگرتن لە بازگەکان و بەهەدەردانی دارایی حیزبییەوە بە فیڕۆ دەچێت.''
عەلی حەمەساڵح، بە ئاماژەدان بەوەی کە داهاتی سلێمانی لە ٧ ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، ڕایگەیاند کە گومرگی دەروازە سنوورییەکان بە تایبەت باشماخ و پەروێزخان لە ٦٠ ملیار دینارەوە بۆ ١٥ ملیار دابەزیوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە بازرگانان ناچار دەکرێن بە قاچاخ کەلوپەل داخڵی سنوورەکە بکەن و گومرگی جگەرەش بە نموونە هێنایەوە کە بۆ "سفر" دابەزیوە.
ئاشکرای کرد کە ڕۆژانە نزیکەی ملیۆنێک دۆلار وەک سەرانە لە تانکەر و بارهەڵگرەکان لە بازگەکان وەردەگیرێت، هەروەها باسی لەوە کرد کە نزیکەی ٨٠ هەزار پارچە زەوی بە شێوەیەکی نایاسایی و بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەت و شارەوانییەکان لەلایەن کۆمپانیایەکەوە کە لوتکەی دەسەڵاتی لە پشتە، کراوەتە پارچەی بچووک و دەفرۆشرێت.
بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست ڕەخنەی توندی لە سەرکردایەتیی یەکێتی (بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) گرت و پرسیاری ئەوەی ئاراستە کردن کە بۆچی داهاتەکان بۆ خەرجیی زۆر لە دەزگای میدیایی و پەیج و ڕێکخراو و سەنتەرەکان دەچن، بە جۆرێک کە کەناڵێکی ئاسمانی مانگانە ٥٤٥ ملیۆن دینار و ئەوانی دیکەش سەدان ملیۆن دینار وەردەگرن، لە کاتێکدا شارەکە پێویستی بەو پارەیە بۆ خزمەتگوزارییەکانە.
دەقی وتارەکەی:
هەموو پرۆژەکانی سلێمانی وەستاون…
پارەی سلێمانی چی لێدێت؟!
سنوری سلێمانی لە دۆخێکی خراپدایە، هەموو پرۆژەکانی وەک ڕێگەی دەربەندیخان - دوکان - ڕانیە، پرۆژەکانی هەڵەبجە و ئاوی سلێمانی و چەمچەماڵ و دەیان پرۆژەی دیکە وەستاون، گرفتی دەرمان و دەیان گرفتی دیکە!!!... بۆ ئەمەی بەسەر دەڤەری سلێمانی و دەوروبەری دێت، تکایە نە من تۆمەتبار بکەن و نە بڵێن: خەتای خەڵکی دیکەیە،
چونکە داهاتی سنووری زۆنی سەوز (سلێمانی) بۆ خۆیەتی و زۆنی زەردیش بۆ خۆی...
هەموو گەندەڵی و دزییەک لە سنووری سلێمانی؛ تەنیا سزادانی خەڵکی سلێمانییە، نەک پارتی و هەولێر...
سەردەمێک داهاتی سلێمانی نزیکەی (١٥٠ ملیار) دینار بوو کارەباش هەرزانتر بوو!!.. ئێستا نزیکەی (٥٠ملیار) دینارە!!..
ئاخر کەی ڕەوایە ڕۆژی (یەک ملیۆن) دۆلار بەسەرانە لە تانکەر و بارهەڵگر وەربگریت لە بازگەکان و بیخەیتە گیرفانت!!... بۆ هەر تانکەرێک (٥٠٠) دۆلار! بشچێتە دەرەوە (١٠٠٠) دۆلار بەناوی مەنەفێست!
لەغازی گران و کۆندێن سەیت و هەموو شت هەر شەریک بیت!
کەتۆ گومرگت نەهێشتووە، لە گۆشت و مریشک و تەماتەوە هەتاکو جگەر و جگەرە و فەرش و شیر و هێلکە و سەروپێو کاهو ....تاد، هەموو شت بە قاچاغ دەهێنیت! پاتری سکراب و مس و فافۆن بەقاچاخ دەبەیت! یەک بارهەڵگر پاتری سکراب بڕوات( ٢٥٠٠) دۆلار!
تەنانەت ئەگەر بەنزین لە عەربەت بێتە سلێمانی(١٠٠) دۆلار دەبێت بۆ حیزب بێت!
دەگەڕێن بە بازرگان دەڵێن: بە گومرگ مەیهێنە بە قاچاخ داخڵی دەکەین؛ ئەمە ئەنجامەکەیەتی!!.. داهات نەما بۆ خەڵک!
بەراورد بە حەوت ساڵ پێش ئێستا داهاتی باشماخ و پەروێزخان لە (٦٠ ملیار) دینارەوە دابەزیووە بۆ (١٥ ملیار) دینار!
تەنیا گومرگی جگەرە لە (١٠ ملیار) دینارەوە دابەزیووە بۆ سفر!!
بە ئاشکرا نوسینگەی قاچاخ دانراوە لە بازاڕی جگەرەکە قاتی دوەم!
نزیکەی(٨٠ هەزار)پارچە زەوی بەبێ تاپۆ و گەڕانەوە بۆ حکومەت و شارەوانی هەموو مەتر مەتر کراو دەکرێت و دەفرۆشرێت، بەبێ تاپۆو شارەوانی! شوێنی باخچە و نەخۆشخانە و قوتابخانە و داروبەرد فرۆشرا!!... کۆمپانیای (مادان) دانراوە زەوی مەتر مەتر دەکرێت، دوایی دەفرۆشرێت! دواتر نوسراو دەکات بۆ شارەوانی بۆ فرۆشتن! بە بەهای زیاتر لە (یەک ملیار) دۆلار! ناوی فرۆشیار و ناوی شوێن و ناوی کۆمپانیام داوە بەدادگا! بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەبووە و ئێستاش بەردەوامن! لەبەر ئەوەی لوتکەی دەسەڵاتی لە پشتە!
- هیچ زەوییەک نییە بدرێتە هیچ پرۆژەیەک بەبێ شەراکەتی حیزب و ئۆکەی حیزب و ئیدارەی گشتی! نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت نەبێ!
- کاک بافڵ و کاک قوباد، لە خۆتان بگەڕێن چیتان هەیەو چی دەدەن بەکێ! لەسەرمایەی بەرپرسە حیزبیەکانتان بگەڕێن! ئاخر کەی ڕەوایە ئەوانەی لە مەکتەبەکانتانن خاوەن دەیان ملیۆن دۆلار بن! ناپرسن بەچی؟ ناپرسن ئەم هەموو موڵکەتان لە کوێ بوو؟ پرۆژە ڕادەگیرێت و بە ئۆکەی ئەوان بەڕێدەکرێت! ئاخر بە چ حەقێک نوسینگەی ئێوە پرۆژە لە شارەوانی ڕادەگرێت!
- هەرچی پرۆژەی خزمەتگوزاری سلێمانیە لە جادو پردو ئاو….. ڕاگیراوە، بەڵام مانگانە ڕێکخراوێک (١٠٠ ملیۆن) دینار و پەیجێک (٧٥ملیۆن) و سەنتەرێک (١٣٠ ملیۆن) دینار و کەناڵێکی ئاسمانی (٥٤٥ملیۆن) و یەکێکی تر (٤٢٠) ملیۆن دینار و یەکێکی دیکە (٣٣٠ ملیۆن) و یەکێتر(٣٥) ملیۆن….تاد، ئاوا دەڕوات زۆرزۆرن !!...
- ئەرێ ئێوە کاک قوباد و کاک بافڵ ئەم هەموو سایت و پەیج و ڕێکخراو و پارە خەرجکردنەتان بۆ چییە!
- گرفتەکە ئەمەیە ڕۆشنبیر و نوسەر و ڕەخنەگر.. لە دەوری ئەم دەزگا و پارە خەرجکردنە کۆبکەنەوە! بۆ خۆیان شیکردنەوەی شەڕی ئێران بکەن!!.. ئیدی کەس باسی قاچاخی و تاڵانی زەوی سەرانەی بازگە و قۆرخکاری حیزب و داڕوخانی نەکات! ئاخر ئەگەر فەرمانبەرێکتان باخەکەی (دوو ملیۆن) دۆلار بێت، دەبێت سەری ئەو چی هەبێت! ئێستا من ئەم نوسینە دەنووسم بە بەهای (٤٥٠ ملیۆن) دۆلار زەوی لە بەکرەجۆ لە پشت ماجدی مۆڵ تا لای زەویەکانی زانکۆ، لەسەرچنار بە سێ زۆنی…. لە قۆناغی بردن و شەراکەتی حیزبن!!
- مەعقولە تەماحیان کردووەتە (٤٠٠ دۆنم) زەوی کە هەمووی باخ و سەوزاییە لە بناری گۆیژە بەهاکەی نزیکە (٤٥٠ملیۆن ) دۆلارە! بۆ ئەوەی بیکەنە شوقە بەشەراکەت؟؟...ئەم هەموو شوقە و شەریکیە چ بوو
دەتوانم دەیانی تر باسبکەم لە بازگەوە تا سنورو شەراکەت و سەرانە!
مەکەونە تۆمەتیش؛ ئەمەی من بەرگریە لە سلێمانی بۆ دژایەتی تاڵانکردنی ئەم سنوورەیە...