بنەماڵەی مامۆستا جێگر مێدێرەیی: هەڵوێستی توندی یاسایی و مەدەنیمان دەبێت ئەگەر سبەی کوڕەکەمان ئازاد نەکرێت

بنەماڵەی مامۆستا جێگر مێدێرەیی ڕایانگەیاند'' لەسەر سکاڵای فەرمیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە شاری ڕانیە دەستگیر کراوە.''

دەستگیرکردنی ئەم مامۆستایە دوای ئەوە دێت کە ناوبراو لە زنجیرەیەک پۆستدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بە توندی هێرشی کردە سەر سیاسەتی ئیداری و حزبیی کۆمەڵی دادگەری و ئەو حزبەی بە شکستخواردوو و خاوەن بیری تەکفیری وەسف کرد.

جێگر مێدێرەیی لە کۆتا نووسینەکانیدا کە بووەتە هۆی گرژی و دەستگیرکردنی، چەندین هۆکاری وەک هۆکاری نەگەشەکردن و شکستی ئەو حزبە خستووەتە ڕوو، لەوانە پێی وایە کۆمەڵ هیچ پڕۆژەیەکی دینی یان دونیایی نییە تا خەڵک هیوای لەسەر هەڵچنێت.

هەروەها ڕەخنەی ئەوەی گرتووە کە حزبەکە ڕابەرێکی بەهێزی نییە و بە مەبەست دەیەوێت بە بچووکی بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بە بۆچوونی مێدێرەیی زۆربەی ئەندامانی حزبەکە هەڵگری ڕق و توڕەییین و ڕێگری لە خۆشەویستیی خەڵک بۆیان دەکات.

بنەماڵەی مامۆستا جێگر مێدێرەیی دەڵێن شۆک بووین کاتێک زانیمان حزبێکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی بەرگەی چەند ڕەخنەیەکی مامۆستایەکی ئایینی نەگرتووە و ڕاپێچی زیندانی کردووە، لە کاتێکدا کە هەمان حزب بەردەوام گلەیی لە نەبوونی سەربەخۆیی دادگاکان دەکات.

ئێستا مامۆستا جێگر لە زیندان مانی لە خواردن گرتووە و ئامادە نییە بە کەفیل ئازاد بکرێت، بنەماڵەکەشی هۆشداری دەدەن کە ئەگەر تا سبەی ئازاد نەکرێت، ئەوا کاردانەوەی توندی یاسایی و مەدەنییان دەبێت، تا ئێستا لایەنی سکاڵاکار کە کۆمەڵی دادگەرییە ڕوونکردنەوەی فەرمیی لەسەر ئەم دەستگیرکردنە نەداوە.



PM:10:15:12/04/2026