پەروەردە دەسەڵاتی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەم دەداتە قوتابخانەکان

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا دەسەڵاتی تەواو بداتە ئەو قوتابخانانەی کە پرۆگرامی خوێندنیان تەواو کردووە، تاوەکو دەست بە تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەم بکەن، بەو مەرجەی کە ٤ی ئایاری ٢٠٢٦ دواین ڕۆژی ئەنجامدانی ئەو تاقیکردنەوانە بێت و تا ئەو کاتە کۆتاییان پێ بێت.

سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند'' لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ساڵنامەی هەموارکراوی خوێندن بۆ پۆلی ٩ی بنەڕەتی و ١٢ی ئامادەیی بە فەرمی ڕادەگەیەنن.'' و داواشی لەو قوتابخانانە کرد کە تاقیکردنەوەی ٢٠ نمرەییان ئەنجام نەداوە، ئێستا دەرفەتیان هەیە و دەتوانن دەست بە ئەنجامدانی بکەن.

وتەبێژەکەی وەزارەتی پەروەردە جەختی لەوە کردەوە کە پرۆگرامی خوێندنی پۆلی ١٢ کەم ناکرێتەوە، بەڵام بۆ دڵنیایی قوتابیان ڕایگەیاند کە لە نێوان تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەم و تاقیکردنەوەی وەزاریدا، قوتابیان ٤٠ ڕۆژیان بۆ خوێندن و خۆئامادەکردن دەبێت، کە ئەمەش ماوەیەکی گونجاوە و وەک ساڵانی ڕابردوو دەبێت، بۆیە پێویست ناکات قوتابیان دوودڵ بن و دەبێت بەردەوام بن لە خوێندنی پرۆگرامەکان.



PM:11:36:12/04/2026