وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی، بەهمەن قادر لە لێدوانێکدا بۆ سپی میدیا ئاشکرایکرد کە نرخی غازی ماڵان نزم بۆتەوە و لە ئێستادا "فشار کەمبۆتەوە" لەسەر بەنزینخانەکان، بەرپرسێکییش لە بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر دەڵێت "تا ١٠ ڕۆژی تر دۆخەکە ئاسایی بێت" نرخی غازی بازرگانی دەبێتە "٩ هەزار".
دوو شەممە، ١٣ نیسان ٢٠٢٦، بەهمەن قادر رایگەیاند "لە بەنزینخانەکان لیترێک غاز بە هەزار و ١٥٠ دینارە، واتا بوتڵێک غاز نرخەکەی لە نێوان ٢٢ بۆ ٢٣ هەزار دینارە".
وتەبێژی بەنزینخانەکان وتیشی "بەهۆی دەستپێکردنەوەی کارکردن لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ئێستادا کێشەی کەمی غازمان لە کۆگاکان نییە".
سەبارەت بە خواستی هاوڵاتیان لە ئێستادا بۆ کڕینی غاز لە بەنزینخانەکان، بەهمەن قادر ئاماژەی بەوەکرد "فشارمان لەسەر نییە و داواکارییەکان کەم بوونەتەوە".
لە بارەی نرخی غازی حکومیەوە وتەبێژی بەنزینخانەکان رایگەیاند "بەهامن نرخی پێشووی و بە ٨ هەزار و ٥٠٠ دینارە".
سالار محەمەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر لە لێدوانێکدا رایگەیاند "ئەگەر هیچ دۆخێکی لەناکاو روونەدات، ١٠ رۆژی دیکە نرخی گازی ماڵان ئاسایی دەبێتەوە و دۆخەکە وەک پێشتری لێ دێتەوە کە لیتری بە ٧٠٠ دینار بوو، واتە بوتڵی حکومی بە ٨ هەزار و ٥٠٠ دینار دەبێت و بازرگانیش تا ٩هەزار دینار دەبێت".
ئەمڕۆ کۆمپانیای دانەگاز لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە" دوای ئەوەی لە چەند هەفتەی رابردوودا بەرهەمهێنانیان وەستاند، دەستیان بە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر کردەوە".
لە دوای ٢٨ شوباتەوە، بە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کارکردن لە کێڵگەکانی غاز لە هەرێمی کوردستان وەستا و بەهۆیەوە نرخی غازی ماڵان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەوە، بەڵام دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە ٨ نیسان لە ئێستادا کارکردن لە کێڵگەکان دەستیپێکردوەتەوە.