دەستەی ژینگە هۆشداری دەدات: هەرکەسێک گیا بەهارییەکان لە ڕەگەوە دەربێنێت ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە

دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و زۆربوونی ڕێژەی گیا بەهارییەکان بەهۆی بڕی زۆری بارانبارینەوە، ڕێنمایی تووند بۆ هاووڵاتییان بڵاو دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی ناوچە سروشتییەکان ئەرکێکی نەتەوەییە.

سەنعان عەبدوڵڵا، وتەبێژی دەستەی ژینگە ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٠٨، هەر جۆرە دەستکارییەکی نایاسایی لە سروشت کە ببێتە هۆی وشکبوون و لەناوچوونی گیا بەهارییەکان، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.

ڕوونی کردەوە کە گیا بەهارییەکان تەنیا سەرچاوەی خۆراک نین، بەڵکو بەشێکی سەرەکین لە هاوسەنگیی ژینگەیی و سیمای جوانیی کوردستان، بۆیە نابێت بە هیچ شێوەیەک لە ڕەگەوە دەربهێنرێن.

وتەبێژی دەستەی ژینگە ڕێنمایی دا بە هاووڵاتییان کە لە کاتی کۆکردنەوەی گیای بەهاریدا، پێویستە تەنیا بە چەقۆ گیاکان ببڕن و بە هیچ شێوەیەک لە ڕەگەوە هەڵنەکێشرێن، چونکە ڕەگدەرکردنیان دەبێتە هۆی زیانێکی گەورە بە ڕووکەشی زەوی و لەناوچوونی هەتاهەتایی ئەو جۆرە گیایانە. دەستەی ژینگە داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی سەردانی ناوچە سروشتییەکاندا، پارێزگاری لە ژینگە بکەن و ڕێز لە سروشت بگرن بۆ ئەوەی هاوسەنگیی ژینگەیی ناوچەکە تێک نەچێت.



PM:09:28:13/04/2026