پارێزگارە کوردەکەی کەرکوک رێبوار تەها بڕیارە لە کۆتای مانگی ٦ ئەمساڵدا بەپێی رێککەوتنی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و تورکمان و عەرەبەکان پۆستەکەی رادەستی بەرەی تورکمانی بکات.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " کە لە دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە دەستیکەوتووە، لە کۆتایی مانگی ٦ ئەمساڵدا رێبوار تەها لە لیستی یەکێتی ماوەی دوو ساڵی خۆی وەک پارێزگاری کەرکوک تەواو دەکات و ئەو دوو ساڵەی تر؛ ساڵێکیان دەدرێت بە نوێنەری تورکمانەکان و ساڵەکەی تر دەدرێت بە عەرەب.
هەرچەندە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەرەتای پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکەوە ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئەو ئاڵوگۆرە دەکرێت، بەلآم سەرچاوەکانی ماڵپەڕی " سپی " جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە بەپێی رێککەوتنەکە، یەکێتی لە کۆتایی مانگی ٦ دا کۆتایی بە ماوەی پارێزگاریەکەی دێت، بەرامبەر ئەوەش سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا دەدرێت بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
لەگەڵ دەنگوباسی گۆڕینی پارێزگای کەرکوکدا ئەمڕۆ دوو شەممە ١٣ ی نیسان رێبوار تەها لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا لە بینای پارێزگای سلێمانی لە وەڵامی پرسیارێکدا لەو بارەیەوە، وتی " من نوێنەری خەڵکم و پارێزگاری کەرکوکم هەر کاتێک ئەو باسە هاتە ئاراوە، وەک لایەنێکی سیاسی و وەک یەکێتی قسەکردنی حزب لەسەر ئەو بابەتە لەلای مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی یەکێتی یە".
هەر ئەمڕۆش لە بەغدا ب
افڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازی لە محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عیراقی کرد.
وەک میدیای یەکێتی بڵاویکردۆتەوە، لە دیدارێکدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ناوچەکە و عیراق کراوە و جەخت لە دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێکان کراوەتەوە. هەروەها هەردوولا دووپاتیان لە تەواوکردنی رێکارە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار کردەوە کە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و ئارامی زیاتر بۆ هاوڵاتییان.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ ئەنجام درا، پارێزگای کەرکوک ١٦ ئەندامی ئەنجومەنی هەڵبژارد، ١٥ ئەندامی گشتی و ئەندامێکی کۆتای مەسیحی.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان یەکێتی ٥ کورسی، پارتی ٢ کورسی، راکان جبوری ( هاوپەیمانی عەرەبی ) ٣ کورسی، هاوپەیمانی قیادە ٢ کورسی، عروبە ١ کورسی، تورکمان ٢ کورسی، ١ کورسی کۆتا.