عەلی حوسێن: ئەو لایەنەی بەبێ کورد لەگەڵ لایەنە عەرەبییەکان ڕێککەوتووە، ئەنجامەکەی لەسەر حیسابی کورد دەبێت

عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٦، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند''  ئەو لایەنەی بەبێ کورد و لەگەڵ لایەنە عەرەبییەکان ڕێککەوتووە، ئەنجامەکەی لەسەر حیسابی دەستکەوتەکانی کورد و کەرکووک و ماددەی ١٤٠ دەبێت.''

عەلی حوسێن لەبارەی پرسی کشانەوە لە بەغدا ڕوونی کردەوە، پارتی نەکشاوەتەوە، بەڵکو بە ڕاوێژی سەرۆک بارزانی، فراکسیۆنەکان بۆ هەڵسەنگاندنی زیاتری دۆخەکە گەڕاونەتەوە هەولێر و کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن، جەختیشی کردەوە کە بڕیارەکانی پارتی هەمیشە لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستاندا دەبێت.

لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە کێشەی پارتی نە لەگەڵ کەسی سەرۆککۆمار و نە لەگەڵ یەکێتی وەک حزبێکی سیاسی نییە، بەڵکو کێشەکە لەسەر بنەما سیاسییەکەی دوای ٢٠٠٣ـەیە، کە دەبێت هەر پێکهاتەیەک خۆی نوێنەری خۆی دیاری بکات، هەروەک چۆن شیعە و سوننە نوێنەرانی خۆیان دیاری دەکەن، کوردیش دەبێت بە یەکڕیزی بڕیار لەسەر سەرۆک کۆمار بدات.

بە وتەی عەلی حوسێن، ئەو لایەنەی بەبێ کورد و لەگەڵ لایەنە عەرەبییەکان ڕێککەوتووە، ئەنجامەکەی لەسەر حیسابی دەستکەوتەکانی کورد و کەرکووک و ماددەی ١٤٠ دەبێت، کە ئەمەش پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز دەکات. ڕەخنەی ئەوەشی گرت کە ئەوانەی سەرۆک کۆماریان هەڵبژارد، هەمان ئەو لایەنانەن کە کوردستان بۆردومان دەکەن و ئەگەر کورد یەکدەنگ بووایە، ئەوان جورئەتی بۆردومانکردنیان نەدەبوو.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەرپرسەکەی پارتی جەختی لەسەر پێگەی کەرکووک کردەوە و وتی" کەرکووک دڵی کوردستانە و پارتی هەرگیز لەسەری سازش ناکات." دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک پەیامێکی کوردستانی بێت بۆ ڕێگریکردن لە تەعریب و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، پارتیش بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی یەکڕیزیی کوردستانی و بەرگریکردن لە داهاتووی هەرێمی کوردستان.



AM:11:48:14/04/2026