کچە پێشمەرگەی کۆمەڵە بەهۆی هێرشی ئێران بۆسەر کەمپی سورداش گیانی لەدەستدا

بە گوێرەی راگەیەنراوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کەمێک لەمەوبەر غەزاڵ مەولان کچە پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکيشانی کوردستان کە بەهۆی هێرشەکانی ئەم ئێوارەی کۆماری ئیسلامی بۆسەر کەمپی سورداش بریندار ببوو، بەهۆی سەختی برینەکانی کەمێک لەمەوبەر گیانی لەدەستدا.

ئێوارەی ئەمڕۆ سەرباری راگەیاندنی ئاگربەست هەرێمی کوردستان بە ٤ درۆن هێرشی کرایەسەر. کەمپی سورداش کە کەمپی هاوبەشی سێ حزبی کۆمەڵەی لە سڵیمانی و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی ئەم حزبانەی بە درۆنێک کرایە ئامانج و بەهۆیەوە ٣ پێشمەرگە برینداربوون کە دوای چەند کاتژمێرێک کچە پێشمەرگەیەکی کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستان ( غەزاڵ مەولان) گیانی لەدەستدا، هاوکات هەر ئێوارەی ئمەڕۆ کەمپی ئازادی کە شوێنی بنەماڵەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە بە درۆنێک کرایە ئامانج، بەڵام هێرشەکە زیانی گیانی لێنەکەوتەوە. 

هەر ئێوارەی ئەمڕۆ ٢ درۆن لە ئیدارەی سۆران لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان تێکشکێندران.

هەرێمی کوردستان لەماوەی جەنگی ئێراندا بە زیاتر لە ٧١٠ مووشەک و درۆنی کۆماری ئیسلامی و گروپە چەکدارەکانی کراوەتە ئامانج کە زۆرتری هێرشەکان بۆسەر پارێزگای هەولێر و دەوروبەری بووە و هەروەها پشکی شێریش بەر کەمپەکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتووە کە زیاتر لە ١٦٠ جار هێرشیان کراوەتەسەر و لە ئەنجامدا ٦ پێشمەرگە شەهیدکراون و زیاتر لە ٣٣ پێشمەرگەی ئە حزبانەش بریندارن.


دەقی راگەیەنراوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان: 

هاوڕێ غەزاڵ مەولان چەپەراباد، پێشمەرگەی کۆمەڵە، گیانی لەدەستدا.

هاوڕێ غەزاڵ کە ئەم ئێوارەیە بە هۆی هێرشی درۆنیی کۆماری تێرۆریستی ئیسلامیەوە بریندار ببوو دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەستدا و بە ریزی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و کوردستان پەیوەست بوو.

هاوڕێ غەزاڵ خەڵکی شاری مەهاباد بوو کە وەک هەزاران کچی شۆڕشگێڕی کوردستان، ریزەکانی کۆمەڵەی بۆ تێکۆشان و خەبات دژی هەرچەشنە هەڵاواردنێک هەڵبژارد کە ئەمرۆ دڵی پڕ لە هیوای بە دەستی جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لێدان کەوت. بەڵام بێگومان ورە و ئیرادەی کچان و کوڕانی کوردستان بۆ رزگاری و سەربەستی بەردەوامە. 

ئەم هێرشە تیرۆریستییە بەڵگەیەکی ترە لەسەر پیشەی دژەمرۆڤایەتی و دژەئازادیی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ رژیمێک کە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی، هیچ سنوورێک بۆ کوشتن و سەرکوتکردنی خەڵکی تێکۆشەر ناناسێت.

لێرەوە سەرەخۆشی گەرمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هاوڕێ غەزاڵ و سەرجەم هاوڕێیان و خەڵکی تێکۆشەری کوردستان ئەکەین.

یادی بەرز و بەرێزە و ڕێگای بەردەوام.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان_سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی

٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی
١٤ی ئاپریلی ٢٠٢٦ی زایینی



PM:10:39:14/04/2026