ئەمڕۆ چوارشەممە شەپۆلێکی نارەزایەتی
بەرفراوانی خوێندکاران بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان گرتەوە و
خوێندکاران بەهۆی زۆری پرۆگرامی خوێندن و کەمی کاتی پێداچوونەوە بۆ وانەکان، داوای
گۆڕانکارییان لە وادەی تاقیکردنەوەکاندا کرد.
ڕۆژی ١٥ی نیسان ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی شارەکانی هەولێر،
سلێمانی، چەمچەماڵ و سەیدسادق و عەربەت گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و
داوای کەمکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن و دواخستنی وادەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی
ساڵیان کرد، بەهۆی زۆریی قەبارەی مەنهەج و کەمی کاتی پێداچوونەوە.
لە گردبوونەوەکەدا خوێندکاران ئاماژەیان بە
چەند خاڵێکی سەرەکی کرد کە بوونەتە ڕێگر لە بەردەم پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵیان و ڕایانگەیاند" ناجێگیری دۆخی ئەمنی و بیستنی دەنگی بەردەوامی درۆن و
مووشەک ترس و دڵەڕاوکێیەکی توندی لای قوتابیان دروست کردووە، هاوکات دابڕانی
٤٠ ڕۆژە لە ناوەندەکانی خوێندن کاریگەری نەرێنی هەبووە و سیستمی ئۆنلاینیش نەیتوانیوە
ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە".
خوێندکارانی نارازی دەشڵێن" پرۆگرامی
خوێندن زۆرە و ئەو کاتەی بۆ پێداچوونەوە دیاریکراوە بەشی تەواوکردنی وانەکان ناکات".
هەر لە
گردبوونەوەکەدا خوێندکاران داوایانکرد، تاقیکردنەوەکان بۆ سەرەتای مانگی تەمووز دوابخرێت و وانەی کوردی و عەرەبیش
ئارەزوومەندانە بێت.
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردەی
هەرێم سەبارەت بەم داواکارییانە ڕایگەیاند" لە داواکاری خوێندکاران تێدەگەین
و ئامادەییمان هەیە بۆ دواخستنی تاقیکردنەوەکان، بەڵام پێویستە قوتابیان ئەوە
بزانن ئەم بڕیارە وادەی تاقیکردنەوەکان دەخاتە ناو گەرمای توندی هاوین، ئەوەش بێزارکەر
دەبێت".
سەرچاوەکەی
پەروەردەی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا، بڕیاری کۆتایی پەیوەستە بە ئاستی ئامادەیی
قوتابخانەکان.
بەپێی ساڵنامەی
خوێندنی ئەمساڵ، تاقیکردنەوە نیشتمانییەکانی پۆلی ٩
لە ١٤ی ئایار و پۆلی ١٢ لە ١٤ی حوزەیرانی ئەمساڵدا دەستپێدەکەن.
بۆ بینینی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکان خوێندکاران گرتە لەم بەستەرە
بکە...