هاوسەرۆکی کۆنگرەی دیموکراتی گەلان هەدەکە و ئەندامی
کۆمیسیۆنی دەم پارتی ڕایدەگەیەنێت" زۆربەی لایەنە
سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی تورکیا هاوڕان لەسەر پێویستی دەرکردنی یاسایەک بۆ
جێگیرکردنی پرۆسەی ئاشتی، بەڵام ئاکەپە بە تەنیا بووەتە ڕێگر لە بەردەم ئەم
هەنگاوە".
مەڕاڵ دانش بەشتاش هاوسەرۆکی کۆنگرەی دیموکراتی گەلان
هەدەکە و ئەندامی کۆمیسیۆنی دەم پارتی، سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی
دیموکرات و لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی دەسەڵات، لە چاوپێکەوتنێکدا بە
ئاژانسی وەڵاتی ڕاگەیاند" بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدان ئاکەپە و چەند لایەنێکی تری ناو
دەسەڵات، بیانووی بێمتمانەیی دەهێننەوە، ئەوان دەڵێن متمانەیان بە بێدەنگکردنی چەک
لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەوە نییە، هەر ئەمەش وایکردووە هەنگاوی کردەیی بۆ
پێشخستنی پرۆسەکە نەنێن".
بەشتاش جەختی
لەوە کردەوە، سەرەڕای بوونی ناكۆكی لە نێوان لایەنەکاندا، پرۆسەی ئاشتی بە تەواوی
نەوەستاوە، دەکرێت پەرلەمان ببێتە چەترێک بۆ خێراکردنی
هەنگاوەکان.
وتیشی" دەرکردنی
یاسا دەرفەت دەداتە ئەوانەی دەستبەرداری چەک بوون، بەشێوەیەکی یاسایی تێکەڵی
کۆمەڵگە ببنەوە و کار و خەباتی سیاسی بکەن".
هاوسەرۆكی
هەدەكە جەختیشیكردەوە، دانانی یاسا متمانەی لایەنەكان بە پرۆسەی ئاشتی زیاتر دەكات
و پێویستە پەرلەمانی توركیا پێش ئەوەی لە مانگی حەوتی داهاتوودا بكەوێتە پشووەوە،
پرۆژە یاساییەك بۆ پرۆسەی ئاشتی پەسەند بكات.