نوسینگەی پارێزگاری کەرکوک: ڕێبوار تەها لە ئەرکەکەی بەردەوامە و پابەندی بڕیارەکانی یەکێتییە

‌ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری کەرکوک لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگار دەکەن، ڕایگەیاند" تا ئەم ساتە ڕێبوار تەها بە فەرمی پارێزگاری کەرکوکە و بەردەوامە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە یاسایی و کارگێڕییەکانی".

 

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٦ نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری کەرکوک لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" سەبارەت بەو دەنگۆ و هەواڵانەی لەبارەی گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگاری کەرکوك بڵاودەکرێنەوە، تا ئەم ساتە رێبوار تەها بە فەرمی پارێزگاری کەرکوکە و بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەرکە یاسایی و کارگێڕییەکانی خۆی".

ئاماژە بەوەشکراوە، رێبوار تەها پابەندی خۆی نیشانداوە بۆ جێبەجێكردنی هەر بڕیارێك كە لە سەركردایەتی یەکێتییەوە بۆ ئاڵوگۆڕ لەم پۆستە درابێت، لەگەڵ ئـەوەی تا ئەم ساتەوەختە ڕێبوار تەها هیچ نوسراوێكی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی ئەنجوومەنی پارێزگا نەكردووە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە" پارێزگاری کەرکوک ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی هەر بڕیارێک کە لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە سەبارەت بە ئاڵوگۆڕ لە پۆستەکەیدا بدرێت".

ئەم ڕوونکردنەوەیەی نوسینگەی پارێزگاری کەرکوک لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەی پێنج شەممە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کۆببێتەوە، بەپێی کارنامەی بڵاوکراوەی کۆبوونەوەکە، چاوەڕوان دەکرێت دەستلەکارکێشانەوەی ڕێبوار تەها بە فەرمی پەسەند بکرێت.

هاوکات پرۆسەی هەڵبژاردنی کەسایەتییەکی تورکمان بە ناوی محەمەد سەمعان ئاغا سەرۆکی بەرەی تورکمانی بۆ پۆستی پارێزگاری نوێی کەرکوک ئەنجام بدرێت
.




PM:04:37:15/04/2026