کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار دوا کەوت

‌محەمەد سەمعان کاندیدی بەرەی تورکمانی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری نوێ

هەرچەندە بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنج شەممە کاتژمێر ١٢ ی پاشنیوەڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجامبدرێت بەمەبەستی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی کەرکوک، بەلآم کۆبوونەوەکە لەبەر هەبوونی کێشە لە نێو فراکسیۆنی یەکێتی دواکەوت بۆ کاتژمێر ٦ ی ئێوارە. ئەوە لە کاتێکدایە ئێستا لەبەردەم ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکوک خۆپیشاندانی ژمارەیەک کوردە دژی ئەو ئاڵوگڕییە.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " کۆبوونەوەکە لەبەر کەمی ئامادەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەن دواکەوتووە بۆ کاتژمێر ٦ ی ئەم ئێوارەیە. هاوکات فراکسیۆنی یەکێتی بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسی ئەم گۆڕانکارییە لە سلێمانی لە کۆبوونەوەدان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی. 

دوێنێ ماڵپەڕی " سپی " وەک یەکەم میدیا نوسراوێکی فەرمی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی بڵاوکردەوە کە سبەی پێنج شەممە کۆبوونەوەیەکی نا ئاسایی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سازدەکرێت بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ.

لەو نوسراوە فەرمییەدا سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا ئیبراهیم حافز ئاراستەی ئەندامانی ئەنجومەنی کردبوو داوای کۆبوونەوەیەکی نا ئاسایی  ئەنجومەنی پارێزگار کردبوو بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ.

هەر دوێنێ سپی بڵاویکردەوە کە کاندیدی بەرەی تورکمانی نۆ ئەو پۆستە کە زۆربەی لیستەکان رێککەوتوون لەسەری محەمەد سەمعان ئاغا سەرۆکی بەرەی تورکمانی دەبێت.   

ڕێبوار تەها لە ١٠ی ئابی ٢٠٢٤ لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگادا کە لە بەغدا بەڕێوەچوو وەک پارێزگار هەڵبژێردرا.

ئەو دانیشتنە بەبێ بەشداری پێکهاتەی تورکمان و بەشێک لە عەرەبەکان ئەنجامدرا، بەڵام دواتر لەلایەن لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری پێشووی عێراقەوە مەرسوومی کۆماری بۆ دەرچوو.



PM:01:03:16/04/2026