سێ گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵدەدرێنەوە

‌وێنەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە موسڵ

لە شاری موسڵ سێ گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵدەدرێنەوە کە روفاتی منداڵ و ژن و پێشمەرگەیان تێدایە.

پێنج شەممە، ١٦ نیسان ٢٠٢٦، دکتۆر یاسین کەریم، بەڕێوەبەری پەیمانگەی داد پزیشکیی هەولێر لە شوێنی گۆڕەکان بە میدیاکانی راگەیاند "گۆڕەکان بریتین لە هەڕاماتی یەک، هەڕاماتی دوو و مەشرەفی. لە دوو گۆڕدا رووفاتی ٢٤ کەس دۆزراونەتەوە یەکێکیان ١٠ کەس و ئەوی دیکەیان ١٤ کەس، پڕۆسەی پشکنین لە گۆڕی سێیەمیش بەردەوامە".

"نموونەی ئێسک (سەمپڵ) لە رووفاتەکان وەردەگیرێت بۆ پشکنینی DNA، چونکە ١٠٥ خێزانی پێشمەرگە و کەسانی بێسەروشوێن چاوەڕێی چارەنووسی ئازیزانیان دەکەن"، دکتۆر یاسین کەریم وا دەڵێت.

بەڕێوەبەری پەیمانگەی دادپزیشکیی هەولێر وتیشی "هەندێک لە رووفاتەکان جلی سەربازییان لەبەرە و چاویان بە جامانەی سوور بەستراوەتەوە و دەستیان لە دواوە کۆتکراوە، نیشانەکانی گوللـە بە سەریانەوە دیارە کە ئاماژەیە بۆ لەسێدارەدانیان لەلایەن داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٥".

پرۆسەکە بە هەماهەنگیی لە نێوان حکومەتی خۆجێیی نەینەوا، داد پزیشکیی دادوەریی هەرێمی کوردستان و عێراق و رێکخراوی نێودەوڵەتیی بۆ گەڕان بەدوای بێسەروشوێنان (ICMP) بەڕێوەدەچێت.




PM:02:55:16/04/2026