ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ، ئەمجەد حوسێن پەناهی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سپی میدیا دەڵێت "ئێستا مەترسی بۆردومانکردن هەیە لەو شوێنەی ویستمان شەهید غەزاڵ بەخاک بسپێرین".
پێنج شەممە، ١٦ نیسان ٢٠٢٦، ئەمجەد حوسێن پەناهی رایگەیاند "داوای لێبوردن دەکەین لە خەڵکی سلێمانی و هەموو ئەو دڵسۆز و تێکۆشەرانەی ویستیان بەشداری مەراسیمی ناشتنی شەهید غەزاڵ ببن، هەواڵیان پێدان کە درۆن لە گۆڕستانی داوە ، ئێستا مەترسی بۆردومانکردن هەیە لەو شوێنەی ویستمان شەهید غەزاڵ بەخاک بسپێرین، بۆیە، داوای لێبوردنتان لێدەکەین و سوپاستان دەکەین".
ئەو بەرپرسەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان سوپاسی هاوڵاتیان و دەزگاکانی حکومەت دەکات "ئێمە وەک تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمەڵە لەم چەند ڕۆژەدا سوپاسی ئێوە و دەزگاکانی حکومەت دەکەین، کە لەگەڵمان بوون و کار ئاسانیان بۆ کردووین تا ئێمە بە تەنها نەمێنینەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە دوای ئەوەی ڕۆژی سێ شەممە، ١٤ نیسان بە درۆن هێرشکرایە سەر کەمپی سورداش لە شارۆچکەی دووکان کە تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هێرشەکەوە پێشمەرگەیەک شەهیدبوو و دوو پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.