وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کاروان گەزنەیی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و دەڵێت "ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک هیچ پەیوەندییەکی بە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقەوە نییە".
پێنج شەممە، ١٦ نیسان ٢٠٢٦، کاروان گەزنەیی رایگەیاند "دووبارە سوپاسی کاک ڕێبوار دەکەین، مام جەلال کاتێک لە لوتکەی دەسەڵاتدا بوو پێشنیاری کرد بۆ مافی پێکهاتەکان وەک یەکتر لە کەرکوک، ئەمڕۆ ئێمە ئەو سیاسەت و رێبازەی جەنابی مام جەلال جێبەجێ دەکەین".
لە بارەی پەیوەندی پۆستی پارێزگاری کەرکوک و پۆستی سەرۆک کۆمار وتەبێژەکەی یەکێتی وتی "ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک هیچ پەیوەندیەکی بە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق نییە، وەک هەندێک لایەن بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو بەهۆی ڕێککەوتنێکەوە کە بەر لە دوو ساڵ کراوە".
بڕیار بوو ئەمڕۆ، کاتژمێر ١٢:٠٠ ـی پاشنیوەڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجامبدرێت بەمەبەستی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی کەرکوک، بەڵام کۆبوونەوەکە لەبەر هەبوونی کێشە لە نێو فراکسیۆنی یەکێتی دواکەوت بۆ کاتژمێر ٦:٠٠ ـی ئێوارە، لە هەمانکاتدا لە دوێنێ شەوەوە بەشێک لە هاوڵاتیانی شاری کەرکوک خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە دژی گۆڕینی پارێزگار.