وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت " لەگەڵ ئەو بڕیار و ڕاسپاردانە دا دەبین کە بە هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانی پێکهاتەکانەوە بدرێن".
پێنج شەممە، ١٦ نیسان ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "هەڵوێستی پارتیمان ڕوون و ئاشکرایە و دژی ئەو سەفەقاتانە بووین کەبەدەر لە نیازپاکی لە هۆتێل ڕەشید بەبێ بەشداری لایەنە سیاسییەکانی کە نوێنەرایەتی خەڵکی خۆڕاگری کەرکوکیان دەکرد، بەسەر ئەو شارە خۆشەویستەدا سەپێندران. ئەم بارودۆخەی ئێستاش لێکەوتە و درێژەپێدەری ئەو سەفەقاتانەیە".
دەقی راگەیاندراوەکە:
ڕاگەیاندراوێک لە گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە
هاووڵاتیانی خۆشەویست
سەبارەت بەو بارودۆخەی بۆ کەرکوک هاتۆتەپێش، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو هەمیشە پاڵپشتی لە مافی پێکهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین و بەو پەڕی ڕاشکاوییەوە ڕایدەگەیەنین کە سەقامگیری و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان بەندە بە دابینکردنی مافە ڕەواکانی تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و ئاینزاکان و، بڕواشمان وایە کەرکوک مەڵبەندی پێکەوەژیانی تەواوی پێکهاتەکانیەتی.
هەڵوێستی پارتیمان ڕوون و ئاشکرایە و دژی ئەو سەفەقاتانە بووین کەبەدەر لە نیازپاکی لە هۆتێل ڕەشید بەبێ بەشداری لایەنە سیاسییەکانی کە نوێنەرایەتی خەڵکی خۆڕاگری کەرکوکیان دەکرد، بەسەر ئەو شارە خۆشەویستەدا سەپێندران. ئەم بارودۆخەی ئێستاش لێکەوتە و درێژەپێدەری ئەو سەفەقاتانەیە!
ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان قوربانی زۆرمان لە پێناو کەرکوک وەکو نیشتمان و خەڵکە ئازیزەکەی داوە و، هەموو هەڵوێست و هەوڵەکانمان بۆ سەربەرزی و بەختەوەرییان بووە، بۆیە لەگەڵ ئەو بڕیار و ڕاسپاردانە دا دەبین کە بە هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانی پێکهاتەکانەوە بدرێن.
مەحمود محەمەد
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٦ی نیسانی ٢٠٢٦