بارزانی: بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەنین یاری بە ئیرادەی دەنگدەرانی کەرکوک بکرێت



سەرۆک پارتی رایگەیاند "بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نین كە لەڕێگەی درێژەپێدان بە سەفەقاتی گوماناویی فندەق رەشید یاریی بە ئیرادەی دەنگدەرانی كەركووك و چارەنووسی كەركووكییەكان بكرێت".
 
بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا كۆنسووڵی گشتیی رووسیا ، بارزانی لەبارەی کەرکوکەوە وتوویەتی" "ئێمە پێمانوایە كەركووك دەبێ ببێتە شارێك كە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتیی پێكهاتەكان بێت و پارتی هەمیشە لەگەڵ مافی هەموو پێكهاتەكان بووە و زۆرجار لەپێناو پێكهاتەكان و خەڵكی تر لە مافی خۆی خۆش بووە و قوربانی بە دەستكەوتەكانی داوە".

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کردووە" كە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نین كە لەڕێگەی درێژەپێدان بە سەفەقاتی گوماناویی فندەق رەشید یاری بە ئیرادەی دەنگدەرانی كەركووك و چارەنووسی كەركووكییەكان بكرێت".

لە بارەی بابەتەکانی تری کۆبوونەوەکەوە، بارەگای بارزانی رایگەیاندووە" وێڕای جەختكردنەوە لە پەیوەندی قووڵ و ستراتیژ و درێژخایەنی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان، پێزانینی بۆ هەڵوێستی هاوسەنگی هەرێمی كوردستان و پاراستنی سەقامگیری هەبووە".




PM:08:27:16/04/2026