ئەحمەد شەرع: تێکەڵکردنی هەسەدە لەنێو سوپای سووریا تەواو بوو

ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سووریا ڕایگەیاند'' پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات ناسراو بە هەسەدە لەنێو ریزەکانی سوپای وڵاتەکەیدا بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە و ئەمەش بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ داهاتووی سووریا و پاراستنی سەقامگیریی وڵات هەژمار دەکرێت.''

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەحمەد شەرع ئاشکرای کرد کە سووریا دەیەوێت ببێتە رێڕەوێکی سەرەکی بۆ گواستنەوەی وزەی وڵاتانی کەنداو بەرەو تورکیا و ئەوەشی خستەڕوو کە بەپێی رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ حکومەتی عێراق ئێستا نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەرەکانی سووریاوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و ئیسرائیلیش سەرۆک کۆماری سووریا جەختی کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی دیمەشق رێگەی دیپلۆماسی هەڵبژاردووە بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان بەڵام بەردەوامی داگیرکاری ئیسرائیل بۆ بەرزاییەکانی جۆلان و هێرشەکانیان پرۆسەی دانوستاندنی قورس کردووە و بڕیارە لە پەراوێزی ئەو کۆڕبەندەدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا کۆببێتەوە و تاوتوێی دۆسییە هەستیارەکان بکەن.



PM:01:06:17/04/2026