ترەمپ: سەرەڕای کرانەوەی گەرووی هورمز، گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تەنگەی هورمز بە تەواوی بە رووی هاتووچۆی بازرگانی و کەشتیوانیدا کراوەتەوە، بەڵام گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی رێککەوتنی نێوانیان ١٠٠٪ کۆتایی دێت.

سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" وتی، رێڕەوە ستراتیژییەکە ئێستا "بە تەواوی کراوەیە و بۆ کار و تێپەڕبوونی کەشتییەکان ئامادەیە"؛ هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا "بە هەموو هێز و کاریگەرییەکی خۆیەوە" تەنیا سەبارەت بە ئێران وەک خۆی دەمێنێتەوە.

ترەمپ گەشبینیی خۆی نیشاندا کە گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ تاران زۆر بە خێرایی بەڕێوە بچێت و گوتی: "ئەم پڕۆسەیە دەبێت زۆر بە خێرایی بڕوات، چونکە زۆربەی خاڵەکان پێشتر دانوستاندنیان لەسەر کراوە."

پێشتر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کردنەوەی تەنگەی هورمزی راگەیاند.

عێراقچی رایگەیاند: "هاوتەریب لەگەڵ ئاگربەستەکەی لوبنان، تێپەڕبوونی هەموو کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمزەوە بۆ ئەو ماوەیەی کە لە ئاگربەستەکە ماوە، بە تەواوی بە کراوەیی رادەگەیەنین."




PM:06:07:17/04/2026