پسپۆرێکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات لە شەممە ئێوارەکەیەوە شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ و تەرزە باشوری کوردستان بگرێتەوەو لە هەندێک ناوچە تا ٦٠ ملم باران ببارێت.
ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی هەرێم لە پۆستێکدا دەڵێت" لەئەنجامی کاریگەری شەپۆلێکی دەریای سوور و ناوەراست بۆ سەر ناوچەکانمان سبەی شەمە لەکاتەکانی نیوەرۆوە ئاسمانی هەرێم بەزۆری ئەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و هەورە بروسکە و بارانی بەخور".
ئاماژە بەوەش دەکات، سەرەتا لەناوچەکانی رۆژئاوای هەرێمەوە سنوری پارێزگای دهۆک و نەینەواو ئیدارەی زاخۆ دەستپێدەکات و پاشان بەگوێرەی کات لە ئێوارە و شەودا شەپۆلەکە بەهێزتر و فراوان ئەبێت بەرەو سنوری پارێزگای کەرکوک و هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین و سۆران.
ئەو پسپۆرە ئەوەش دەخاتەڕوو، لەسەرجەم ناوچەکان ئەگەری بارانی بەخوڕ و چالاکبوونی هەورە بروسکەی بەهێز ئەبێت لەگەڵ چالاکبوونی بای باشوری رۆژهەڵات بەخێرای ١٥-٤٠ کم لە کاتژمێرێکدا و پلەکانی گەرماش بەجێگیری ئەمێنێتەوە بۆ سبەی بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی شێداری گەرمەوە .
لە بارەی بەردەوامی و توندبوونی ئەو شەپۆلە، دەڵێت "بۆ رۆژانی یەکشەمە و دووشەمە کاریگەری ناجێگیری کەش و هەوا بە بەهێزی بەردەوامی ئەبێت و زۆربەی شوێنەکان لەکات و شوێنی جیاوازدا هەورە بروسکەی بەهێز و شەستە باران ئەبێت لەگەڵ بارینی تەرزە و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و بەهۆی بەهێزی تاوە بارانەکانەوە ئەگەری دروستبوونی لافاویش لەهەندێ شوێندا ئەبێت پلەکانی گەرماش 3 تا 4 پلە نزمدەبنەوە و کەشی ناوچەکە بەگشتی سارد نابێت و فێنک ئەبێت".
ئاراز جەبار لە بارەی کۆتایی هاتنی ئەو شەپۆلەوە دەڵێت" بۆ رۆژی سێشەمە کاریگەری ئەو ناجێگیریە بەلاوازی بەردەوامی ئەبێت و لەکاتەکانی نێوان نیوەرۆ بۆ ئێوارە ئەگەر هەیە لەهەندێ شوێندا تاوە باران و بروسکە دروست ببێتەوە و پاشان لەشەودا کۆتایی پێدێت و لە رۆژی چوارشەمەوە کەش و هەوا بۆ ماوەی چەند رۆژێکی دیارینەکراو جێگیر ئەبێتەوە".
لەماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلەدا لەتەواوی ناوچەکانمان ئەگەری بارینی، ئاراز جەبار دەڵێت" زیاتر لە ٦٠ تا ١٠٠ملم باران ئەبێت و لەناوچە شاخاویەکان و هەندێ شوێنیشدا ئەگەر هەیە زیاتر لە ٢٠٠ ملم باران ببارێت.