سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان " شەرمەزار" دەکات و دەڵێت" هێرشەکانی ئەم دوایە هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاگربەست و زیان گەیاندنی زیاتر بە ناوچەکەمان".
رۆژی شەممە ١٨ی نیسان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێلدا رایگەیاند" بە توندترین شێوە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین کە هەرچەندە ئێمە بەشێکیش نەبووین لەو شەڕە، کەچی هێرشەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەر بەردەوام بوون".
وتیشی" سەرەڕای ئاگربەست و دانوستانەکان، کەچی بەهۆی هێرشەکانی ئەم چەند ڕۆژانە، پێنج کەس شەهیدبوون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون، ئەمەش هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاگربەست و زیان گەیاندنی زیاتر بە ناوچەکەمان."
مەسرور بارزانی راشیگەیاند" دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ ڕێوشوێنی کردەیی بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشانە و داوا لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین کە کەرەستەی پێویست بۆ پاراستنی کوردستان و ژێرخانی وزە ، لەم هەڕەشە بەردەوامانە دابین بکەن".
لەسەرەتای جەنگی ئێرانەوە هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە ٧٢٠ درۆن وموشەک هێرشی کراوەتەسەر و سەڕەرای راگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ئامانجی هێرشەکانیش کەمپەکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە و لە دوای ئاگربەست هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە ٢٣ درۆن وموشەک هێرشی کراوەتەسەر و لە ئەنجامدا ٥ پێشمەرگەی حزبەکانی رۆژهەڵات شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار.